زووم..
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق خۆى بۆ ئەگەرى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى لەبارەى بەڕێوەچوونى خولى شەشەمى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان ئامادەدەکات، چونکە لە دادگاى فیدراڵى زیاد لە سکاڵایەک لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و ئێستا لە قۆناغى دادبینى دایە.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمانگەى ئۆپراسیۆن و تەکنەلۆژیاى زانیاریی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە وێنەیەکى دەست زووم کەوتووە و پێنجشەممەى رابردوو دەرچووە، تیایدا شێوازى دابەشکردنى هەرێمى کوردستان بەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن و دابەشکردنى کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا روونکراوەتەوە، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنى بۆچووى کۆمسیۆن لەلایەن دادگاى دادگاى فیدراڵییەوە لەبارەى ئەو سکاڵایانەى کە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون.
بەگوێرەى مادەى نۆیەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەرێمى کوردستان بە یەک ناوچەى دەنگدان دادەنرێت، بەڵام کۆمسیۆنى هەڵبژاردەکانى عێراق لە نووسراوەکەیدا بە باشى دەزانێت هەرێمى کوردستان بەسەر سێ بازنەى هەڵبژاردندا دابەشبکرێت.
کۆمسیۆن لە دابەشکردنى هەرێمى کوردستان بەسەر سێ بازنەى هەڵبژاردندا پشتى بە یاساى هەموارکراوى ساڵى 2018ـى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەستووە کە بەگوێرەى ئەو یاسایە هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانى عێراق لە بازنەیەکى هەڵبژاردن پێکدێت و 320 کورسییە گشتییەکەى پەرلەمان بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت.
بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان سێ پارێزگاکەى هەرێم لە کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق ئەم ژمارانەیان بەردەکەوێت:
- سلێمانى: 18 کورسى
- هەولێر: 15 کورسى
- دهۆک: 11 کورسی
واتە کۆى کورسییەکانى هەرێمى کوردستان دەکاتە 44 کورسى، بەوپێیەش رێژەى هەر پارێزگایەکى هەرێم لەکۆى کورسییەکان بەمشێوەیە دەبێت (سلێمانى 41% ، هەولێر 34% و دهۆک 25%).
ئەگەر ئەم دابەشکارییەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق بڕیارى کۆتایی لەبارەوە بدرێت، ئەوا لە خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستاندا 100 کورسییە گشتییەکەى پەرلەمان بەمشێوەیە بەسەر سێ پارێزگاکەدا دابەشدەکرێت:
- سلێمانى: 41 کورسى
- هەولێر: 34 کورسى
- دهۆک: 25 کورسى
بابەتى یەک بازنەیی و فرەبازنەیی لە رابردوودا ناکۆکى زۆرى لەنێو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بە تایبەت یەکێتی نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان دروستکرد، ساڵى رابردوو دەزگاى هەڵبژاردنى هەردوو حزب رێککەوتن سیستمى فرەبازنەیی پەیڕەو بکرێت، بەڵام لە پەرلەمانى کوردستان نەتوانرا یاساکە هەمواربکرێتەوە.
یەکێتى کە پێداگریی زۆرى دەکرد لە دابەشکردنى هەرێمى کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکدا، پاش پەککەوتنى کارەکانى پەرلەمانى کوردستانیش، کۆڵى لەم بابەتە نەدا و ئەمجارە رێگەى بەغداد و دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقى گرتەبەر.
یەکێتى لەرێگەى زیاد جەبار، سەرۆکى فراکسیۆنەکەى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لە دادگاى فیدراڵى سکاڵاى لەسەر چەند مادەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکرد، یەکێک لەوانە مادەى نۆیەم بوو. یەکێتى لە سکاڵاکەیدا داوایکردووە دادگا بڕیاربدات بە نادەستوورییبوونى مادەى نۆیەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە بەگوێرەى مادەکە هەرێمى کوردستان بە یەک ناوچەى هەڵبژاردن دیاریکراوە، بەڵام دادگاى فیدراڵى تائێستا بڕیارى کۆتایی لەبارەى ئەو سکاڵایە نەداوە سەربارى ئەوەى چەند جارێک دادبینى بۆ سکاڵاکە کردووە و دوایخستووە.
کۆمسیۆن باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە نووسراوەکەیدا چارەسەرى خۆى بۆ پرسى کورسى کۆتاکانیش پێشکەشکردووە، بە جۆرێک ژمارەى کورسی پێکهاتەکان کە 11 کورسییە، وەکو خۆى دەمێنێتەوە، بەڵام بە هەمانشێوازى دابەشکردنى کورسییە گشتییەکان و لەسەر بنەماى رێژەى دانیشتووان، بەسەر سێ پارێزگاى هەرێمدا دابەشدەکرێت بەمشێوەیە:
- سلێمانى: 41% واتە چوار کورسى کۆتاى بەردەکەوێت (2 بۆ کریستیانەکان و 2 بۆ تورکمان).
- هەولێر: 34% واتە چوار کورسى کۆتاى بەردەکەوێت (2 بۆ کریستیانەکان و 2 بۆ تورکمان).
- دهۆک: 25% واتە سێ کورسى کۆتاى بەردەکەوێت (1 بۆ کریستیانەکان و 1 بۆ تورکمان و 1 بۆ ئەرمەن).
لە گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانى نێوان یەکێتى و پارتی پەیوەست بە پرسى هەڵبژاردن کورسى کۆتاکان بوو، لە چەند مانگى رابردوودا دەزگاى هەڵبژاردنى هەردوو حزب لەسەر زۆرێک لە خاڵە ناکۆکەکانى ئەم بابەتە گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام لەبارەى کورسى کۆتاکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
ئێستا یەکێتى لەو سکاڵایەى کە لە دادگاى فیدراڵى تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگا بڕیاری بدات بە نادەستوورییبوونى مادەى 36ـى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بەگوێرەى ئەو مادەیە ژمارەى کورسى کۆتاکان لە پێنج کورسییەوە بۆ 11 کورسى زیادکرا، بەڵام دادگاى فیدراڵى تائێستا بڕیارى کۆتایی لەبارەوە نەداوە.