زووم، بەغداد:
گرووپێکی چەکدار، کە ناویان لەخۆیان ناوە “هاوەڵانی ئەشکەوت”، بەرپرسیارێتیی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و دەڵێن “ئەوە ئێمە بووین کە شەوی رابردوو، ستیڤن ترۆڵمان لەناوەڕاستی شاری بەغداد کوشت”.
هاوەڵانی ئەشکەوت، لە راگەیەنراوێکدا، گوتوویانە کوشتنی ترۆڵ لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا بووە، کە پێکەوە لە زستانی 2020 و لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد کوژران.
ترۆڵ چۆن کوژرا؟
بەگوێرەی زانیارییەکان، ترۆڵ شەوی رابردوو (7ی تشرینی دووەمی 2022) لە شەقامی سەناعەی ناوچەی کەرادە تەقەی لێکراوە، دواتر گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی زاید و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
ترۆڵ لەکاتێکدا دەستڕێژی گوللەی لێکراوە، کە بە ئۆتۆمبێلە پرادۆ سپییەکەیەوە لەسەر شەقام بووە. ئەو دوو چەکدارەی تەقەیان لێکردووە، یەکێکیان ئۆتۆمبێلێکی تاهۆ و ئەوی دیکە مارسیدسێکی رەشی پێبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی عێراق، ستیڤن ترۆڵ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە. چەکدارەکان سەرەتا ویستوویانە بیڕفێنن، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون و دەستڕێژی گوللەیان لێکردووە.
هاوەڵانی ئەشکەوت کێن؟
ئەو گرووپەی بەرپرسیارێتیی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکەیان لەئەستۆگرتووە، گرووپێکی تەمومژاوین و ناسنامەیان زۆر روون نییە. ناویان لە خۆیان ناوە “هاوەڵانی ئەشکەوت”، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبیە، ئەوان تەنها “سەرباز”ـێکن و ئەجیندای هەندێ گرووپی دیکە جێبەجێدەکەن، کە بە بەرەی “موقاوەمە” ناسراون.
یەکەم قسەی گروپی هاوەڵانی ئەشکەوت لە ساڵی 2019دا بوو، بەڵام هێرش و کردەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری 2020. ئەوکاتەی بۆمبی چێنراویان بە کاروانی هێزەکانی ئەمریکادا دەتەقاندەوە، لە مانگی 10ی هەمان ساڵیشدا موشەکێکیان ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد لە بەغداد.
لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە، هاوەڵانی ئەشکەوت هێرشەکانیان چڕکردەوە، زۆرتریش کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەیان دەکردە ئامانج، کە پشتیوانیی لۆجستییان بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگواستەوە، تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە ئەو هێزانە دەستیان بە پرۆسەی کشانەوە لە عێراق کردبوو.
هەر لەو سەردەمەدا، ناوی گرووپی هاوەڵانی ئەشکەوت دەبەسترایەوە بە چەند گرووپێکی دیکەی چەکداریی عێراقەوە، بەڵام پاشئەوەی ئەو گرووپانە خۆیان بێبەریی کرد لە هاوەڵانی ئەشکەوت، ئیدی ئەوانیش لە مانگی 9ی ساڵی 2020 لە رێگەی تویتەر و تێلیگرامەوە گوتیان “خیانەتمان لێکراوە” و هێدی هێدی چالاکییان کەمبووەوە، بەڵام جارێکی دیکە دوێنێ (7ی تشرینی دووەمی 2022) گەڕانەوە بۆ چالاکییەکانیان و هاوڵاتییەکی ئەمریکییان لەناوەڕاستی شاری بەغداد کوشت.
کاردانەوەکانی دوای کوشتنی ترۆڵ
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەوالی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکەدا، کاردانەوەی ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکان دەستیانپێکرد. حکومەتی عێراق دەستبەجێ لەسەر راسپاردەی محەمەد سودانی سەرۆکوەزیران، لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
ئەمڕۆش محەمەد سودانی جارێکی دیکە لەبارەی هەمان بابەت قسەی کردەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی، دۆسیەی ئەمنی هێڵی سوورە، کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە جێگەی پرسیارە و تەوقیتی کوشتنەکەی گوماناوییە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرباری دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ خانەوادەی کوژراوەکە، جەختیکردەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن، لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان لە پەیوەندیدا دەبن و تاوانباران دەدۆزنەوە و رادەستی دادگای دەکەن.
هەمان شەو، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، راپۆرتیان لەبارەی کوژرانی هاوڵاتییەکی ئەمریکییەوە پێگەیشتووە، ئەمڕۆش وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.