زووم:
گرێبەستی لایەنە سیاسی و کەسایەتییە عێراقییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆبیکردنی ئەمریکی بە بەهای ملیۆنان دۆلار، کە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرا، مشتومڕێکی سیاسی و جەماوەری بەدوای خۆیدا هێناوەو رۆژنامەى عەرەبى جەدیدیش لەو بارەوە نووسیویەتى: بەڵگەکان گۆڕەپانى سیاسى عێراقى “شڵەقاندووە”.
چالاکوانان و بلۆگەرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو مشتومڕەیان دروستکردووەو داوا دەکەن دەسەڵاتى دادوەرى لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە بکەن، ئەوەش “بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا گوماناوییەکان و بەفیڕۆدانی پارەی وڵات”.
حەلبوسی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ئەنجامیدا، ئاشکرایکرد، 284 لایەنی عێراقی، کە لەنێویاندا بەرپرس و لایەنە دیارەکانى وەک نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەشدى شەعبى و تەنانەت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، گرێبەستیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە، ئەوەش بۆ باشکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنى ئەمریکى.
ئەو کۆمپانیایانەى لایەنە عێراقییەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردووە، بە “کۆمپانیای لۆبی” ناسراون، کە پەیوەندی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس و لایەنە کاریگەرەکان و میدیاکان ڕێکدەخەن.
بەڵگەنامەکان، کە حەلبوسى لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى پیشانى میدیاکارانیدا، کە دواتر دزەیان پێکراوە، لیستی ناوی ئەو کەس و قەوارە و کۆمپانیایانەیان دیاریکردووە، گرێبەستیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کردووە، کە بەهای دارایی ئەو گرێبەستانەش دیاریکراون.
ئەنوەر عەلوانی، ئەندامی پارتی “تەقەدوم” بە سەرۆکایەتی حەلبوسی، جەختی لەسەر گرنگی ئەم بەڵگەنامانە کردەوە و لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، بەڵگەکان و ئەوەی حەلبوسی باسی کردووە، “ڕەوتی پرۆسەی سیاسی دەگۆڕێت و پەیامێکی ڕوونیشە بۆ نەیارەکانی و بۆ دەسەڵاتی دادوەری”، ئاماژەى بەوەش کرد، “ئەوەی دژى حەلبوسیش کراوە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی شەقام لە دژی”، ئەگەر نا هەموو لایەنەکان، ئەو گرێبەستانەیان کردووە.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى حەلبوسى و خستنەڕووى ناوى ئەو لایەنانە لەلایەن ناوبراوەوە، کە گرێبەستیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کردووە، وەڵامدانەوە بوو، بۆ تۆمارکردنى سکاڵایەک و خستنەرووى چەند بەڵگەیەک لە دژى پارتەکەى حەلبوسى، کە گوایە بێ گەڕانەوە بۆ فەرمانگەى حزبەکان لە کۆمسیۆن، گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەمریکى کردووە، ئەو کۆمپانیایەش پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
لە سکاڵاکەدا داواکرابوو، حەلبوسى وەک نوێنەرى پارتەکە سزا بدرێت و پارتى تەقەدومیش دابخرێت، ئەمە کاردانەوەى راستەوخۆى حەلبوسى بەدواوە هات و لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە رایگەیاند، ئەوەى کردوویانە ئاساییەو چەندین لایەنى تریش کردوویەتى، بۆ ئەوەش لیستێکى وەک بەڵگە پیشانى میدیاکارانى ئامادەبووى کۆنگرەکەدا.
لەناو لیستەکەدا ناوى هێزەکانى حەشدى شەعبیش هەبوو، پەرلەمانتار یوسف کیلابى لە لێدوانێکى بەرگری لە هێزەکانی حەشدى شەعبى کردو رایگەیاند، ئەوەى لە لیستەکەدا هەبووە “هەڵە”یە، وتیشى: ئەو ناوەی کە هەیە بۆ بەناوى (هێزەکانی حەشدى نیشتمانی)، میلیشیایەکی سەر بە ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری هەڵهاتووی نەینەوایە، نەک حەشدى شەعبى.
لای خۆیەوە، عەمار فەتلاوی، چالاکی مەدەنی، دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگەنامانە، جەختی لەوە کردەوە ئەم بەڵگەنامانە بابەتێکی مەترسیدارە، کە پێویستی بە هەڵوێستێکی دادوەری ڕوون هەیە، و نابێت دوابخرێت.