دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق جارێکی دیکە “شکستیانهێنان” لەبارەى چارەسەرکردنی قەیرانی جیاکردنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشکی هەرێم لە بودجە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی هەواڵیی جیهانی عەرەبی.
بەپێی سەرچاوەکە کە ئاژانسەکە دەڵێت بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانە، شاندی ئەمدواییەی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم “نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک” لەبارەى جیاکردنەوەی موچە لە پشکی هەرێم لە بودجەدا کە ناردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی لەلایەن هەرێمەوە کردووەتە مەرج بۆ ناردنی پشکی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2023دا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل کە گەورەترین کارگەی ئاسن و شیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی، “لەئێستادا شاندی ئێمە لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو گرفتانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هێشتا ماون، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەچارەی گونجاو بە تایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی.”
گوتیشی، “دوێنێ گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژە بەو گفتوگۆیانە دەدرێت، بۆ ئەوەی بابەتی دابینکردنی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت و چیتر خەڵکی کوردستان باجی ئەو هەڵانە نەدات کە بە شێوەیەکی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم کراوە”.
هەفتەی رابردووش، سەرچاوەیەک لە نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسەکەی گوتووە کە سودانی رەزامەنی لەسەر پێشنیازێکی پەرلەمانی داوە بەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ خەرجبکرێت و جیابکرێتەوە لە پشکی هەرێم.
سەرچاوەکە ئەوەشی رایگەیاندووە کە “بابەتی دووەم کە هێشتا رێککەوتن نەکراوەلەسەری بریتییە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەو کۆمپانیا نەوتییانە لە هەرێم کاردەکەن بە بەراورد بەوانەی لە پارێزگاکانی دیکە کاردەکەن، بەڵام چەند پێشنیازێک هەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە.
هەرچەندە وەزیری دارایی هەرێم سەرۆکایەتی شاندەکەی هەرێمی کرد، بەڵام دوای گەڕانەوەیان هیچ راگەیەنراو و روونکردنەوەیەکیان لەبارەى دانوستانەکان بڵاونەکردەوە.