زووم:
بەهۆی هەڵکشانی “گوتاری تایفەگەری” لەلایەن پارتەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراق (هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان)، کە لە 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، ترس هەیە ئەم جۆرە گوتارانە کاریگەری و لێکەوتەیان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت، بەڵام باس لەوەش دەکرێت ئەم کارەی ئەو پارتانە بەهۆی کەمبوونەوەی دەنگەکانیانەوەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و ئەو پێشهاتانەی لە مەیدانی سیاسی عێراق روویانداوە زیاتربن، بەشێوەیەک بەشێک لەلایەنەکانی وەک رەوتی سەدر، کە بایکۆتی هەڵبژاردنى کرد، محەمەد حەلبوسی، کە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی فەرمانڕەوا، کە ترسی خۆی لە کەمبوونەوەی دەنگەکانی نەشاردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە هەڵمەتی هەڵبژاردنى چڕتربێتەوە، هەروەها باس لەوەش دەکرێت هەر بەهۆى هەڵمەتى هەڵبژاردنەوە “دەهۆڵ بۆ گوتاری تایەفەگەری” دەکوترێت.
بە گوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى عەرەبى جەدید، لەو چوارچێوەیە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆنگرە و چاوپێکەوتنەکانیاندا بایەخێکى زۆر بە دروشم و گوتەکانی “پێکهاتەی گەورە، ناهاوسەنگی پێکهاتەکان، شیعە و سونە، پێکهاتەکانی عێراق” دەدەن، کە ئەمەى بە زەقبوونەوەى “گوتارى تایفەگەرى” وەسفکردووە.
بە وتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو دروشمانە لەم کۆتایانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو گرنگى پێدەدرێت، یەکەم لایەنیش، کە ئەم گوتانەی زەقکردووەتەوە سەرکردە سیاسییە دیارەکان بوون، لەوانە نوری مالیکی لە دەوڵەتی یاسا، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، هاوپەیمانی بنیاتنانەوەی هادی عامری، قەیس خەزعەلی لە عەسائیبی ئەهلی حەق، هەروەها بەشێکی زۆری سەرکردەی هاوپەیمانییەکانیش هەمان رێگایان گرتووەتە بەر.
ئەو پەرلەمانتارە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بۆ رۆژنامەى “عەربی جەدید” دەشڵێت: هیچ کۆنگرەیەکی چوارچێوەى هەمانگى نەبووە، کە گوتەی تایەفەگەری تێدا نەبووبێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەبێت”.
روونیشیکردووەتەوە، ئەو کارکردنە پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێت، هەروەها لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە لیپێچینەوەى یاسایی لەهەموو ئەو کەسانە بکرێت، کە باسی تایەفەگەری گەرمدەکەنەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەی جەماوەری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوو، مالیکی دووپاتیکردەوە، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن هاوبەشی و چاکسازی بەدیناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان.
هەروەها عەمار حەکیم دووپاتیکردەوە، رێگری لە بەشداری خەڵکی ئەنجامێکی ناهاوسەنگ لە نوێنەرایەتی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەهێنیتە کایەوە، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی، کە چەندین پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، هەروەها باسى ئەو کەسانەى کرد، بایکۆتیان راگەیاندووەو جەختیکردەوە، “ئەوانە بەرپرسن لە ناهاوسەنگی و ناسەقامگیری”.
ئەم کارەی سەرکردە سیاسییەکان ڕەخنەی توندی سیاسی و چاودێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە پێیانوایە، ئەوان ئەم کارەیان بەهۆی ئەوەوەیە لایەنگرییان کەمبووەتەوەو ترسیان لە دەنگەکانیان هەیە.
سەڵاح تلوبی سەرکردە لە رەوتی سەدر لە پۆستێکیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: بە تاڵەکانی گوتارى تائیفی مەژەنن، گەل باش لە یاری هەڵبژاردن تێدەگات، خاوەنی جەماوەر ئەو میوزیکە ناژەنێت.
هەروەها موجاهید تائیی چاودێری سیاسی لە تۆری ئێکس لە پۆستێکیدا دەڵێت: هەموو شتێک دەچێتەوە بۆ تایەفەگەری شیعە، کە بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، بۆ سونە و کورد بایکۆت ناکەن.
دەشڵێت: سیستمی تایفەگەری و عەقڵیەتی تایەفی نەخۆشە، کێشەکانی دەوڵەت بە عەقڵ بچووکەکان چارەسەر ناکرێت.