زووم
لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنى چالاکییەکانى کۆنفرانسی لایەنەکانی چوارچێوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP28) بڕیاری کاراکردنی دامەزراندنی سندوقی قەرەبووکردنەوەى “زیانەکانى” کەشوهەوای پەسەندکرد، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتانەی، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، یان بەردەکەوێت بەهۆی گۆڕانى کەشوهەوا، کە بە “بڕیارێکى مێژوویی” دادەنرێت.
ئەم بڕیارە، کە لەلایەن نوێنەرانی نزیکەی دوو سەد وڵاتی بەشداربوو چەپڵەی بۆ لێدرا و پەسەندکرا، ئەنجامی کۆنفرانسی COP27ە، کە ساڵی ڕابردوو لە میسر بەڕێوەچوو، سەرەتا دامەزراندنی سندوقەکە پەسەندکرا، بەڵام هێڵکارییە بەرفراوانەکانی دیارینەکراو لەم خولەدا ئەوانەش یەکلاکرانەوە.
سەرۆکی ڕاسپێردراوی کۆنفرانسی (COP28)، سوڵتان جابر، دوای پەسەندکردنی بڕیاری چالاکردنى سندوقەکە بە بەرێوەبەرى دەستنیشانکرا.
دوای ساڵێک لە گرژی و ئاڵۆزی، لە ٤ی ئەم مانگە لە ئەبوزەبی، لە میانی کۆبوونەوەی سەرەتایی وەزاری بۆ “COP2″، وڵاتانی بەشدار گەیشتنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ڕێساکانی بەڕێوەبردنی سندوقەکە، کە پێشبینیدەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٤ بە تەواوى ئەرک و راسپاردەکانى جێبەجێبکرێت.
مادلین دیۆف سار، سەرۆکی گروپی وڵاتانی گەشەنەکردوو، کە ٤٦ وڵاتی هەژار لەخۆدەگرێت، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بە “مانایەکی گەورەی بۆ دادپەروەری کەشوهەوا”ی زانی، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، سندووقێکی بەتاڵ ناتوانێت یارمەتی هاوڵاتیانمان بدات.
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی 100 ملیۆن دۆلار بۆ ڕێکخستنەکانی سندوقی کارەساتی کەشوهەوا دەبەخشێت، ئەمریکا ڕایگەیاند، کە بە ١٧.٥ ملیۆن دۆلار بەشداری لە سندوقی کارەساتی کەشوهەوا دەکات، هەرچى بەریتانیایە تا نزیکەی ٦٠ ملیۆن پاوەند (٧٦ ملیۆن دۆلار) بەشداریدەکات، ژاپۆن ١٠ ملیۆن دۆلار و ئەڵمانیا 100 ملیۆن دۆلار هاوکارى دەبەخشن بە سندوقەکە.