دادگای باڵای روسیا بڕیاری دا بەوەی هەموو جۆرە چالاکییەکی هاوڕەگەزخوازانی بە “توندوتیژی” دابنرێت، ئەوەش ترسی بۆ هاوڕەگەزخوازانی ئەو وڵاتە دروستکردووە کە لەمەودوا تووشی گرتن و لێپرسینەوە دەبن.
بڕیارەکەی دادگای باڵا لەسەر داوایەکی وەزارەتی دادی روسیا هات کە داوایکردبوو “بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نێودەوڵەتی هاوڕەگەزخوازان” وەک “توندوتیژ” بناسێنێت بۆئەوەی بتوانێت هەموو جۆرە چالاکییەکیشی قەدەغەبکات.
ئەو هەنگاوە درێژکراوەی هەوڵەکانی روسیایە بۆ رێگریکردن لە ئاڕاستەی سێکسی و ناسنامەی ڕەگەزی، بۆ نمونە، قەدەغەکردنی برەودان بە پەیوەندییە سێکسییە “ناکلتورییەکان” و گۆڕینی رەگەز.
ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا کە وابڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا دووبارە خۆکاندکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتوو رابگەیەنێت بۆئەوەی پێنج ساڵی دیکە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت وێنەی روسیا وا نیشان بدات کە پارێزەری بەها ئەخلاقییە کلتورییەکانە بە پێچەوانەی وڵاتانی ئەمریکا و رۆژئاواوە.
ساڵی رابردوو لە لێدوانێکیدا گوتی، “رۆژئاوا پێشوازی لە دەیان مەیلی سەیروسەمەرەی وەک فرەڕەگەزی و نمایشی هاوڕەگەزخوازان دەکات.”
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین لەبارەى بڕیارەکەی دادگای باڵا بە رۆژنامەنوسانی گوت کە چاودێری بڕیارەکەیان نەکردووە و هیچ لێدوانێکیشی لەسەر نادەن.
لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 100 گروپی جۆراوجۆر لە روسیا بە “توندوتیژ” ناسێنراون و هەموو جۆرە چالاکییەکانیان قەدەغەکراوە.