زووم..
هێنری کیسینجەر، وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئەمریکا و باڵاترین دیبلۆماتکاری وڵاتەکە لە سەردەمی جەنگی سارددا لە تەمەنی 100 ساڵییدا کۆچی دواییکرد، ئەو رۆڵى بەرچاوى هەبوو لە نزیککردنەوەى بلۆکە دژ بەیەکەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ و ناکۆکییەکان، بەوهۆیەوە خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى پێبەخشرا، بەڵام لەسەر ئەو رەخنەى زۆرى لێگیرا، لەم راپۆرتەدا هەڵوێستى کیسنجەر لەبارەى عێراق و ئێران و کێشەى کوردیش خراوەتەڕوو.
ژیان و لەدایکبوونى
هێنری ئەلفرێد کیسنجەر لە 27ـى ئایارى 1923 لە هەرێمى باڤاریاى ئەڵمانیا لە خێزانێکى جولەکە لەدایکبووە، بەڵام لە تەمەنى 15 ساڵیدا خێزانەکەی بڕیاردەدەن خۆیان لە “زوڵم و زۆردارایی نازییەکان رزگار بکەن” بۆیە روو لە ئەمریکا دەکەن و لە نیویۆرک نیشتەجێ دەبن، لەوێ لە زانکۆی هارڤارد زانستی سیاسی خوێندووە.
کیسنجەر هێشتا گەنج بوو، وەکو سیاسەتمەداری پەیڕەوکاری ریالیزمی سیاسی ناسرا، بۆیە بەزوویی لە گۆڕەپانى سیاسەتکردندا لە دەسەڵات و حکومەتى ئەمریکا نزیکبووەوە.

کیسنجەر و ریچارد نیکسن 37ـەمین سەرۆکى ئەمریکا (1969-1974)
لە سەردەمی دەسەڵاتی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا، ریچارد نیکسن و جیراڵد فۆرددا لە دیپلۆماسیەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاری کردووە، لە ساڵی 1969 بووە بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و لە ساڵی 1973ـیشدا پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گرتەدەست.
لێکنزیککردنەوەى بلۆکە دژ بەیەکەکان
چەند ساڵێکی کەمبوو، جەنگی جیهانیی دووەم کۆتایی هاتبوو، خوێنێکی زۆر لە شەڕی نێوان دوو جەمسەرەکەی دنیادا رژابوو، کیسنجەر کاری لەسەر ئەوە کرد، نێوانی ئەمریکا وەک جەمسەری دیموکراسیەتی لیبراڵی سەرمایەداری و وڵاتانی سۆڤیەت و چین وەک لایەنی سۆشیالیستی دەوڵەتمەداری لەیەکتر نزیکبکاتەوە و جۆرێک رێککەوتن لەنێوان ئەم دوو بلۆکە دژبەیەکەدا بەرقەرار بکات، بۆئەوەی بتوانن باسی ئاشتیی نێوانیان بکەن.
باشی پەیوەندییەکانی کیسنجەر لەگەڵ چیندا بۆماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ، شتێکە مایەی سەرنجە و زۆر ئاماژەی پێدەکرێت، لە ساڵی 1971ـەوە تاوەکو ساڵی رابردوو زیاد لە 100 جار بە نهێنی و بە ئاشکرا سەردانی چینی کردبوو.

پەکین، 24ـى تشرینى دووەمى 1973 کیسنجەر و ماوتسى تۆنگى سەرۆکى چین
لە 1971 دا بە نهێنی هەوڵیداوە دیدارێک بۆ ریچارد نیکسۆنی سەرۆکی ئەوکاتى ئەمریکا و ماوتسی تۆنگی سەرۆکی ئەوکاتى چین رێکبخات. ئەم دوو سەرۆکە وەکو دوژمنی یەکتری مامەڵەیان دەکرد. ئەو دەیەویست بتوانن لە ساڵی 1972 دا یەکدى ببینن بۆ رێککەوتن.
دوایین سەردانى کیسنجەر بۆ چین لە 22ی تەمموزی ئەمساڵبوو کاتێک بە تەمەنی 99 ساڵییەوە گەیشتە پەکینى پایتەخت و چاوى بە شى جینگپینگى سەرۆکى چین کەوت، ئەوجارەیان دەیویست ئاسانکاری بۆ گەشپێدانی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکات.
کۆتاییهێنان بە شەڕى ڤێتنام
کیسنجەر توانی شەڕی ڤێتنام کۆتایی پێبهێنێت، لەسەر وەستاندنی شەڕەکە لە ساڵی 1973 دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرا، بەڵام رەخنەی ئەوە دەگیرا کە شایانی ئەو خەڵاتە بووبێت، بۆیە دوو ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی خەڵاتەکە وەک دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لەسەر ئەو خەڵاتکردنە دەستیان لەکارکێشایەوە. دواتر کە شەڕی ڤێتنام دەستیپێکردەوە، کیسنجەر داوای کرد خەڵاتەکەی لێ وەربگرنەوە، بەڵام داواکەی قبوڵ نەکرا.

گفتوگۆکانى کۆتاییهێنان بە جەنگى ڤێتنام 1973
هەر لە ساڵاتى حەفتاکاندا توانى سنورێک بۆ ئاگری شەڕی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت، ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکانی بردە سەر مێزی گفتوگۆ.
هەمیشە کارەکانی کیسنجەر وا سەیرکراون، کە ئیشی خۆی بن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو تەنها نوێنەرێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە و بە فەرمانی دەوڵەت کاری کردووە.
کیسنجەر و شەڕى هەشت ساڵەى عێراق و ئێران
هێنرى کیسنجەر بە هەڵگیرسێنەری شەڕی نێوان عێراق و ئێران دادەنرێت، چونکە هاتنی خومەینی پاش ئەوەبوو کە دەسەڵاتەکەی شای ئێرانی رووخاند، لەبەرئەوەی شا متمانەپێکراوی ئەمریکا بوو، وەکو تۆڵەکردنەوەیەک ئێرانی تووشی شەڕی عیراق کرد، چەکی زۆریشی بە عێراق فرۆشت و “ئاگر”ـی شەڕەکەی خۆشکرد.
ئەو، گوتبووی “ئەم شەڕە تاکە شەڕێکە، کە حەز دەکەم هەردوولا بە دۆڕاوی لێی دەربچن”.
کیسنجەر و کورد
کیسنجەر هەڵوێستێکی تەواو و روونی لەبارەی کێشەی کورد نەبووە، بەڵکو هەموو کات وەک بەشێک لە کێشەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەیری کردووە، هەر بەو پێیەش کاری تێدا کردووە، بۆیە لەنێوەندە سیاسییەکانى کورددا هەر وەکو کەسێکی “فێڵباز” سەیری کراوە، کە بە ئاسانی متمانەی پێ نەکرێت.
پێش رێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ـی نێوان عێراق و حکومەتی شای ئێران، ئەمریکا لەرێگەی تارانەوە چەک و یارمەتیی دەگەیاند بە شۆڕشی ئەیلول، بەڵام دواتر عێراق لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتنە دەستی لە بەشێک لە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی هەڵگرت بۆ ئێران، بۆئەوەی ئێران کارێک بکات ئەو یارمەتییانەی ئەمریکا بۆ کورد کۆتایی پێبهێنێت. کارەکەشی سەری گرت.

کیسنجەر و جۆرج بوش 43ـیەمین سەرۆکى ئەمریکا، 2008
بۆب ودوۆرد (Bob Woodward) نوسەرێکی ئەمریکییە و کتێبێکی لەبارەی “ملهوڕییەکان”ـی حکومەتی ئەمریکا و جۆرج بوشی کوڕەوە نوسیووە. کتێبەکە ناوی (ستەیت ئۆف دینایەڵ – State of Denial )ە، واتە ئاستی ملهوڕی.
ئەو لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی، لەپاش روخانی دەسەڵاتی حکومەتەکەی سەدام حسەینەوە، بوش و دیک چینی جێگری سەرۆکی وڵاتەکە، کیسنجەریان بانگکردووە و لەبارەی دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز لە عێراقدا بۆچوونیان وەرگرتووە، کیسنجەر گوتویەتی، بۆئەوەی عێراق بەهێزبێت، پێویستە راپەڕینەکانی کەمینەکانی نێو عێراق لاواز بکەین، بۆئەوەی دەوڵەتی ناوەندى بتوانێت بەهێز بێت. ئەمەش بە زیانی کورد و گەلانی دیکەی عێراق شکایەوە، سنوری دەستکەوتەکانی کوردی لە ئازادبوونی عێراق کەم کردەوە.
کیسنجەر لە ساڵی 1950 دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ژمێریاری و زانستە سیاسییەکان بەدەستهێنا. لە ساڵی 1954 دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێنا، لە دکتۆراکەیدا کاری لەسەر ئاشتی و شەرعیەت کردووە. 18 کتێبی سیاسی و فکریی نوسیوە. دامەزراوەیەکی شیکاری هەیە بە ناوی (هاوڕێیانی کیسنجەر)ـەوە. شەش ساڵە دەڵێت “وریابن جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت”.