زووم:
بە پێچەوانەی ئەوانەی بانگەشە بۆ رووەکخۆری دەکەن، چەند گەورە کۆمپانیایەکی گۆشت لە جیهاندا پلانیان داناوە لە لوتکەی کەشوهەوای COP28 ئامادەییەکی بەرچاویان هەبێت و لۆبییەک دروستبکەن، کە خواردنی گۆشت سودی بۆ ژینگە و کەشوهەوای جیهان هەیە.
لە لوتکەکەدا، کە سبەی لە دوبەی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوامدەبێت، سەرۆکی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەشداردەبن و کێشە ژینگەییەکان تاوتوێدەکەن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو قەیرانە ژینگەییانە بدۆزنەوە، کە جیهان پێانەوە دەناڵێنێت.
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک، کە دەست ماڵپەڕی گاردیەنی بەریانی کەوتووە، چەند گەورە کۆمپانیایەکی جیهانی، کە گۆشت بەرهەمدەهێنن بەنیازن لە رێگەی بەڵگەی زانستییەوە بۆ ئامادەبووانی لوتکەکە بیسەلمێنن، کە خواردن و بەکارهێنانی گۆشتی سور کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژینگە دروستدەکات.
ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە، کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی گۆشت و شیرەمەنییەکان لەژێر فشارێکی زۆردان بەهۆی ئەو گازە زۆرەی، کە ئاژەڵان دەریدەدەن و دەیخەنە بەرگەهەوای دەوری گۆی زەوییەوە.
لە ئێستادا پیشەسازی شیرەمەنی لە جیهاندا، بەرپرسە لە دەردانی لەسەدا 3.4ی ئەو گازانەی بەدەستی مرۆڤەوە دەخرێنە هەواوە، ئەمەش زۆر زیاترە لەو رێژەیەی لەڕێگەی فرۆکەکانەوە دەخرێتە هەواوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی رۆژنامەکە، فشاری ئەو کۆمپانیایانە وایکردووە سانسۆر لەسەر راپۆرتەکانی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان (فاو) دروست ببێت لەبارەی رۆڵی گورەیان لەسەر زیادبوونی دەردانی گازە زیانبەخشەکان لە هەوادا.
هەر بە گوێرەی بەڵگەکان ئاژەڵداریش بە گەورەترین دەردەری گازی میسان دادەنرێت، کە کاریگەرییەکەی لەسەر ژینگە 80 جار لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن زیاترە.
زانایان دەڵێن: ئەگەر چارەسەرێکی دۆخەکە نەکرێت، بەتەنیا ئەو گازی میسانەی لە کێڵگە ئاژەڵییەکانەوە دەردەچێت، دەتوانێت پلەکانی گەرمای جیهان بۆ سەرووی 1.5 پلە بەرزبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی رودانی چەندین کارەساتی ژینگەیی لە جیهاندا.
بەشێک لەو بەڵگانەی، کە ئەو کۆمپانیایانە بەنیازن بیخەنەڕوو، بیرۆکەی پاراستنی خاکێکی تەندروستە، کە بەبڕوای ئەوان لەڕێگەی ئاژەڵەوە ئەو کارە دەکرێت، ئەویش بە دووبارە ناردنەوەی گازی کاربۆنە لەرێگەی پاشەرۆکانیانەوە بۆ نێو خاک.
هەرچەندە ئەمە لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیاکانی خۆراک زۆر باش یەکدەگرێتەوە بۆ بەپیتکردنەوەی خاک، بەڵام بەشیک لە زانایان پێیانوایە خاک ئەو ناوەندە لەبارە نییە بۆ هەڵگرتنی کاربۆن بۆ ماوەیەکی دورودرێژ، بەڵکو زۆر بە ئاسانی کاربۆن لە خاک دێتە دەرەوە.
لە ئێستادا بەرازیل وەک یەکەم و هەریەک لە ئوسترالیا و ئەمریکاش دووەم و سێیەم زۆرترین هەناردەکاری گۆشتن لە جیهاندا، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی ئەو وڵاتانە بەرژەوەندیی ئابووری بەهێزیان هەیە لەو پیشەسازییەدا و پشتیوانی تەواوی ئەو کەرتە دەکەن.
هەروەها روونیشکراوەتەوە، کە ئێستا خواردنی گۆشت لە جیهاندا زۆر نا هاوسەنگە، ئەوروپییەکان دووهێندەی تەواوی بەشەکانی دیکەی جیهان گۆشت دەخۆن، لە ئەمریکای باکور و ئوسترالیا خواردنی گۆشت لە بەرزترین ئاستدایە.