زووم:
کەمتر لە یەک مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە 18ی مانگی داهاتوو بەڕێوەچێت، بەڵام سەرچاویەکی کۆمسیۆن، زانیارییەکی نوێی لەبارەی کاندیدەکانی ئەو هەڵبژاردنە ئاشکراکرد.
سەچاوەکەی کۆمسیۆنە، کە بەرپرسێکی دیاری دەستەی ئەمینداری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی ڕاگەیاندووە، نزیکەی لەسەدا ٣٠ی کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکە خوشک و برا و منداڵ و ژن و مێرد و خزم و کەسوکاری ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسانی حکومی و سەرکردەی حزبەکان و گروپە چەکدارییەکانن.
ئەو بەرپرسە، کە ناوەکەى ئاشکرانەکراوە، راشیگەیاندووە، ئەو ڕێژەیە لە خۆکاندیدکردنی کەسوکار و خزمی بەرپرسانی حکومی و حزبی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، زۆرە و زیاترە لە ڕێژەی هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردوو.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئێستا رێژەکە بە جۆرێکە، خێزان هەیە، باوک و کوڕ تێیدا خۆیان کاندید کردووە، یان خێزانی دیکەش هەیە ژن و مێرد خۆیان کاندیدکردووە، ئەمە جگە لە خۆکاندیدکردنى کەسانى پلە یەکى بەشێکى زۆر لە بەرپرسانى حکومى و حزبى بۆ هەڵبژاردنەکە.
ئێستا رێژەکە بە جۆرێکە، خێزان هەیە، باوک و کوڕ تێیدا خۆیان کاندید کردووە، یان خێزانی دیکەش هەیە ژن و مێرد خۆیان کاندیدکردووە
ئەو بەرپرسە روونیکردووەتەوە، کاندیدکردنی ئەو کەسانە پێچەوانەی یاسا نییە، بەو پێیەی هیچ دەقێک نییە ئەوە قەدەغە بکات، هەروەها کۆمسیۆن لە ماوەی پێشوودا کاریان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو کاندیدەکان پابەندبوون بەو مەرجانەی، کە بۆ کاندیدبوون دیاریکراون و سەرپێچیکاران دوورخراونەتەوە.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەمانە لەنێو ئەو کەسانەدان مەرجەکانی کاندیدکردنیان تێدایە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید بکەن.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نزیکەی ٧٠ پارت و هاوپەیمانی سیاسی خۆیان تۆمارکردووەو کێبرکێدەکەن بۆ بردنەوەی کورسییەکان، کە ئەو پارت و هاوپەیمانییانە زیاتر لە شەش هەزار کاندیدیان هەیە.
لەو بارەوە عەلی غەراوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کێبڕکێی هەڵبژاردن زۆر قورسە لەبەر ڕۆشنایی ئەو پشتیوانی و پارە زۆرەی بۆ کاندیدەکان خەرجدەکرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە کاندیدەکان برا و کەسوکاری کەسانی کاریگەرن لەئاستی حکومەت و پەرلەمان و حزبەکانیش.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان هەموو سنوورەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان تێپەڕاندووە، کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاریکراوەو کۆمسیۆنیش هیچ ڕێوشوێنێک لە دژی ئەوان ناگرێتەبەر.
ئەوان هەموو سنوورەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان تێپەڕاندووە، کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاریکراوەو کۆمسیۆنیش هیچ ڕێوشوێنێک لە دژی ئەوان ناگرێتەبەر
ئەو پەرلەمانتارە جەختى لەوەش کردووەتەوە، ئەمە کاریگەری گەورە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دادەنێت و وا دەکات بوترێت، زۆرینەی ئەوانەی دەردەچن هەر لە ئێستاوە دیارین، کە خزم و کەسوکاری بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومین.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزکانی عێراق لە دوای 10 ساڵ لە دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆیی بەڕێوەدەچێت، کە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە، بێکاری و هەڵاوسانێکى زۆر لەبازاڕی عێراق بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە، پێشبینبکرێت، رێژەی بەشداری هاووڵاتیان لەو هەڵبژاردنە زۆر کەم بێت.