زووم:
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کوڕی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان، یائیر نەتانیاهۆ، گەڕاوەتەوە بۆ بەشداریکردن لە خزمەتکردنی سەربازی، بەڵام لە یەکەکانی شەڕدا نابێت و ناچێتە بەرەکانی شەڕەوە.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لە ٧ی ئۆکتۆبەری رابردوو، رەخنەی زۆر لە کوڕی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ گیرا، بەهۆی مانەوەی لە شاری میامی ئەمریکی و بەردەوامی لە گشتەکەی.
گەشتەکەی کوڕی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدابوو، دەیان هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت دەکران بۆ شەڕکردن لە غەزە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری دروستکردو رەخنەیەکی زۆر لەو کوڕەو سەرۆک وەزیرانیش گیران.
رەخنەکان بە شێوەیەک بوون دەوترا، کوڕەکەی نەتانیاهۆ چێژ لە کاتەکانی لە ئەمریکا دەبینێت، کە لانیکەم لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە لەوێ نیشتەجێیە، بەڵام وڵاتەکەی لە شەڕدایە و خەڵکی بانگ دەکرێنەوە بۆ ریزەکانی سوپا.
ئەوانەی زۆر رەخنەیان دەگرت ئەوانەبوون، کە سەربازی یەدەگی سوپا بوون و بانگکرابوونەوە بۆ ئەرکەکانیان، کە سەربازە توڕەبووەکان دەیانگوت: کوڕەکەی نەتانیاهۆ لە کەناراوەکانی مەیامیدایە و ئێمە لە شەڕداین.
دوای ئەو رەخنانەو هێرشەکان، ئەمڕۆ چوار شەممە ڕۆژنامەی (جیرۆزەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی، بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە ئاشکرایکرد، کوڕەکەی نەتانیاهۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، یائیر لە ریزەکانی سوپا لە یەکەی پزیشکی سەربازی خزمەت دەکات و بەو هۆیەشەوە ناچێتە بەرەکانی شەڕ.
رۆژنامەکە وێنەیەکی یائیریشی بڵاوکردووەتەوەو لە وێنەکەدا دەبینرێت، وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەداتەوە و داوای هاوکاری دەکات لە ژووری نەشتەرگەریدا.
یائیر تەمەنی 32 ساڵە پەیوەندی بە دامەزراوەی پزیشکی سەربازی هەیە، بەو پێیەی لەسەردەمی خزمەتی سەربازی لەو دامەزراوە کاری کردووە.
بە گوێرەی یاسا، دوای خزمەتکردنی سەربازی، هەموو کەسێک تا تەمەنی 45 ساڵی ئەندامی یەدەگی سوپایەو هەر کاتێک پێویست بێت دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی سەربازی.