دادگای باڵای یەکێتی ئەوروپا بڕیاری دا بەوەی وڵاتانی یەکێتییەکە دەتوانن لەبەرکردنی جلوبەرگی ئاینی وەک سەرپۆش و حیجابی ئیسلامی لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی قەدەغە بکەن و یاساییە.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کارمەندێکی شارەوانی ئانس لە ڕۆژهەڵاتی بەلجیکا لە دادگای دادی یەکێتی ئەوروپا سکاڵایەکی تۆمارکرد دژی رێگریکردن لە پۆشینی سەرپۆشی ئیسلامی لەسەر کارەکەی، ئەمڕۆ سێشەممە دادگاکە بڕیاری دا بەوەی وڵاتان دەتوانن رێگری بکەن لە پۆشینی سەرپۆش و حیجاب لە شوێنکارە گشتییەکاندا.
پێشتر شارەوانی ئانس لە بەلجیکا مەرجەکانی دامەزراندنی ئەو کارمەندەی گۆڕی و داوایلێکرد بێلایەنی توند رەچاو بکات و هیچ جۆرە جلوبەرگێک لەبەر نەکات کە نیشانەی بیروباوەڕێکی ئاینی یاخود ئایدۆلۆجییە.
بۆیە ئەو ئافرەتە سکاڵای تۆمارکرد و رایگەیاند کە مافی ئازادی ئاینی پێشێلکراوە.
رێگەدان یاخود قەدەغەکردنی حیجاب و سەرپۆش کە جلوبەرگێکی ئیسلامین ماوەی چەندین ساڵە مشتومڕی گەورەی لەناو وڵاتانی ئەوروپی دروستکردووە.
لە بڕیارەکەدا، دادگای دادی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، مەبەست لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی توند بۆ دامەزراندنی ژینگەیەکی کارگێڕیی بێلایەنە، بەڵام ئەگەر هەر وڵات و لایەنێکی دیکە بڕیاری دا رێگە بە لەبەرکردنی نیشانە ئاینییەکان بدات، ئەوە یاساییە.
دادگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا سەرپشکن لە داڕشتنی سیاسەتی بێلایەنی لە دامەزراوە گشتییەکاندا.