زووم:
بەڕێوەبەرانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی “مۆساد” و هەواڵگرى ئەمریکا “سی ئای ئەی” لە دۆحەى پایتەختى قەتەرن و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەو، ئەوەش بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕاگەیەندراوی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس، کە چەند رۆژێکە بەردەوامە.
سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسى رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی میسریش بەشداری لە کۆبوونەوەکەى دۆحە دەکەن، کە باس لە قۆناغی داهاتووی غەزەو ئەگەری ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و راگرتنى شەڕ بە تەواوى دەکەن.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سەرۆکی مۆساد، ئەمرۆ سێ شەممە گەیشتووەتە قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانی ئاڵوگۆڕکردنى زیندانى و بارمتەکان، کە سەربازە ئیسرائیلییەکانیش لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.
سەرۆکی مۆساد، ئەمرۆ سێ شەممە گەیشتووەتە قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانی ئاڵوگۆڕکردنى زیندانى و بارمتەکان
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئاگربەستەکە دەتوانێت تا کاتێکی نادیار درێژببێتەوە، بە مەرجێک بزووتنەوەى حەماس بەردەوام بێت لە ئازادکردنی لانیکەم ١٠ بارمتەى ڕۆژانە.
گیدیۆن سەعر، وەزیری ئیسرائیل، لەحکومەتی جەنگ، بە ڕادیۆی سوپاى ئیسرائیلى ڕاگەیاندووە، بەپێی مەرجە سەرەتاییەکان ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کراوە، ئیسرائیلیش هێشتا ئامادەیە ئاگربەستەکە زیاتر درێژبکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر ئازادبکرێن .
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسى لەوە کردووە، دواى وادەى ئاگربەستەکە ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنەوەى شەڕ کراوە، راشیگەیاند، ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجەکانی شەڕ، کە لەناوبردنى حەماسە.
ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجەکانی شەڕ، کە لەناوبردنى حەماسە
چەند رۆژێکە دۆخی غەزە ئارامە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس پابەندن بە ئاگربەستی نێوان هەردوولا بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک دوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی ٤ ڕۆژە لە کۆتا خولەکدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئازادکردن بارمتەکان.
لەماوەى چوار رۆژى ئاگربەستدا، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ٥٠ ژن و منداڵی ئیسرائیلیان لە نێو ٢٤٠ بارمتە، کە لە باشووری ئیسرائیلەوە ڕفێندرابوون لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئازادکرد، لەبەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ دەستگیرکراوی ئەمنی لە زیندانەکانی ئازادکرد، کە هەموویان ژن و منداڵبوون.