زووم:
ماریانا بۆدانۆڤا، هاوسەری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکراین کیریل بۆدانۆڤا، دوای تێکچوونی باری تەندروستی، لە ئەنجامی ژەهراویبوونی بە “کانزای قورس” گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
میدیاکانی ئۆکراین بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان ڕۆژی سێشەممە بڵاویانکردەوە، لە ئێستادا هاوسەرى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى سەربازى ئۆکرانیا چارەسەری بۆ دەکرێت بە مەبەستی “رزگارکردنی ژیانی”.
سەرچاوە سەربازییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو مادەیەى ئەو ژنەى پێ ژەهراوى بووە، بە هیچ شێوەیەک لە ژیانی ڕۆژانە، یان لە کاروباری سەربازیدا بەکارناهێنرێن، ڕوونیشیان کردەوە، بوونى ئەو حاڵەتە ئاماژەیە بۆ “هەوڵێکی ژەهراویکردنی بە ئەنقەست”.
کیریل بودانۆڤا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە ١٠ هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، یەکێک لەو هەوڵانەش هێرشێکی مووشەکی بووە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر ئۆفیسەکەی لە کیێڤ کردە ئامانج.
زۆرێک لە کانزاکان وەک ئاسن و زینک و چەند ماددەیەکى تر، بۆ جەستەى مرۆڤ پێویستن بۆ ئەوەی جەستە ئەرکەکانی بە باشی ئەنجامبدات، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم، کە زیادەڕەویکردن تێیدا دەبێتە هۆى ژەهراویبوون، لەوانەشە هەندێک جار ژەهراویبوون لە ئەنجامی بەرکەوتنی پیشەسازی بەم کانزایانە، یان پیسبوونی هەوا، یان خۆراک و هتد ڕووبدات.