لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بە دیاریکراوی 1ی کانونی یەکەمی 2023، کۆمپانیای گووگڵ هەڵمەتێکی پاککردنەوە دەستپێدەکات و ئەو هەژمارانەی جیمەیل کە ماوەی دوو ساڵە ناچالاکن و بەکارنەهاتوون دەسڕێتەوە، هەژماری جیمەیل واتە ئەو ئیمەیلەی بەکاریدەهێنیت.
بۆچی؟ ئەو هەنگاوەی گووگڵ بەشێکە لە سیاسەتی نوێی هەژمارە ناچالاکەکان کە لە مانگی ئایاری رابردوو رایگەیاند، لە مانگی ئایارەوە کاتێک پلانەکە راگەیەنرا، گووگڵ پەیتا پەیتا ئیمەیل دەنێرێت بۆ ئەو هەژمارانەی کە روبەڕووی سڕینەوە دەبن تاوەکو فایلەکانی ناوی زەخیرەبکەن.
هۆکار چییە؟ کۆمپانیای گووگڵ دەیەوێت لەو جۆرە هەژمارانە رزگاری ببێت کە زۆرترین کێشەی ئاسایشی دیجیتاڵی هەیە و ئاسانترن بۆ هاککردن، چونکە زۆرێک لەو هەژمارانە هیچ جۆرە رێکارێکی سەلامەتی و ئاسایشیان پەیڕەو نەکردووە، بۆیە هاککردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو جۆرە هەژمارانە، کێشە بۆسەر ئاسایشی گووگڵ دروستدەکات.
ئێستا چیبکەین؟ ئەگەر تۆ هەژمارێکی کۆنی گووگڵت هەیە و چەند ساڵێکە بەکارتنەهێناون، فریابکەوە زوو بیانکەوە بۆئەوەی بەدوربیت لە سڕینەوە، یەک جار کە دەیکەیتەوە و بەکاریدەهێنیت، هەژمارەکەت تاوەکو دوو ساڵی دیکە دەپارێزێت.
با روونتر قسە بکەین؛ گووگڵ نەیگوتووە کە رۆژی هەینی سەرجەم ئەو هەژمارانە دەسڕێتەوە کە ناچالاک بوون، بەڵکو سەرەتا بەو هەژمارانە دەستپێدەکات کە دروستکراون و هەرگیز بەکارنەهاتوون، ئەوەش چانسێکی دیکە دەداتە خاوەنی هەژمارە کۆنەکان بۆئەوەی کاتێکی باشتریان هەبێت بۆ زەخیرەکردنی فایلە گرنگەکانیان.
چالاکی چییە؟ بەپێی ماڵپەڕی زە ڤێرجی تەکنەلۆجی، تەنها یەک جار چوونەناوەوە بەسە بۆ ئەوەی هەژمارەکەت بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بپارێزیت لە سڕانەوە، لەوەش زیاتر، گووگڵ جەختیکردووەتەوە کە بەکارهێنانی هەژمارەکەت بۆ چالاکییەکانی دیکەی وەک بەکارهێنانی گووگڵ درایڤ، تەماشاکردنی ڤیدیۆ لە یوتوب، داگرتنی ئەپی مۆبایل لە پلەی ستۆر، بەکارهێنانی گووگڵ سێرج بە چالاکی هەژمار دەکرێن و هەژمارەکانت بەدووردەگرێت لە سڕینەوە.
چی تر؟ ئەگەر هەژمارە کۆنەکەت کردەوە، دڵنیابە کە بیبەستیتەوە بە هەژمارە نوێیەکەتەوە، چونگە گووگڵ دەڵێت هەرکاتێک بیەوێت هەژمارێک بسڕێتەوە، ئەوە ئیمەیلێکی ئاگادارکردنەوە بۆ هەردوو هەژمارەکە دەنێرێت بۆئەوەی ئاگاداربیت.