زووم:
هەشت مانگ و سێ رۆژی تەواوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، تائێستاش هیچ ئاماژەیەکی روون نییە، بۆ ئەوەی کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە، کە بە گوێرەی ئامارەکان زیانی مانگانەی راگیرانەکە، زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.
لە 25ی ئاداری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، بەهۆی ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 رێگەی بە هەناردەی نەوتی هەرێم بەخاکەیداوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.
سەرەڕای زیانە زۆرەکانی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێم، هێشتا دیارنییە، کەی هەناردەی دەستپێدەکاتەوە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، پێویستە رۆژانە هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بە مەبەستی هەناردەکردنی بۆ دەرەوە، یان بەکارهێنانی لە نێوخۆدا.
ئێستا دوو لەمپەری گەورە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، یەکەم گەیشتنە ئەنجامی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی نەوت، دووەمیش پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق.
بە قسەی بەرپرسانی هەردوولا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە ئەنجامی کۆتایی و رێککەوتن،، ئەوەش بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازیش.
لەو بارەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین.
نێچیرڤان بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عهلی رەزا گوینای، باڵیۆزی توركیا له عێراق و شاندێكی یاوهری، باسی لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە بارەی نەوت کرد، کە هەر لەو کۆبوونەوەیە لەبارەی ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێم، باڵیۆزی توركیا ئامادهیی وڵاتهكهی بۆ ههناردهكردنهوه دووپاتکردووەتەوە، ئەوەش بە گوێرەی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم.
رۆژی 12ی ئەم مانگەش، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ئەندامێتی ژمارەیەک بریکاری وەزیر و راوێژکار سەردانی هەولێریان کرد، ئەوەش بە ئامانجی گفتوگۆ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کە سەردانەکە دوای سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چواری ئەم مانگە بۆ هەولێر بوو، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و بۆ ئەوەش وەزیری نەوتی راسپاردووە، بەزووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
ماوەی دوو رۆژیشە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە بەغدادن، کە لەبارەی سەردانەکە، مەسرور بارزانی ئەمرۆ سێ شەممە، رایگەیاند، شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدادە، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش بدۆزنەوە، کۆبوونەوەکانی دوێنێ ئەنجامی باش لە گفتوگۆکان هەبووە و ئەمرۆش کۆبوونەوەکان بەردەوامدەبێت تا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران بدۆزرێتەوەو شاندەکەش کاردەکات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
هەرچی تایبەتە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گازیش لە پەرلەمانی عێراق، کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ زنجیرەیەک گفتوگۆ بۆ ئەو مەبەستە کرا، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە ئەو گفتوگۆیانە راگیراوەو هۆکاری راگرتنەکەش کێشە سیاسییەکانە لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە، ئەوەش بە قسەی سۆران عومەر پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، کە پێشتر لێدوانی بۆ رۆژنامەی سەباحی عێراقی دابوو.