زووم:
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گەورەترین شاخی سەهۆڵین لە جیهاندا دەستی بە جووڵە کردووە، دوای ئەوەی دەیان ساڵە لەناوچەیەکى دەریایدا جێگیربووە، ئەوەش بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە.
تۆڕەکە بڵاویشیکردەوە، ئەم شاخە سەهۆڵینە ناوی “A23a”، ئەستوورییەکەی 400 مەتر تێدەپەڕێت و ڕووبەرەکەی نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە قەبارەکەی زیاتر لە دوو هێندەی لەندەنى پایتەختی بەریتانیایە (1572 کیلۆمەتر چوارگۆشە).
زانایان ئیلا جیلبێرت و ئۆلیڤەر مارش پێیانوایە شاخە سەهۆڵینەکە قەبارەکەی ئەوەندە بچووکبووەتەوە، بەهۆیەوە لە بنى دەریا بچراوەو بەو هۆیەشەوە دەستیکردووە بە جوڵە، ئەوەش دوای نزیکەی ٣ دەیە.
شاخە سەهۆڵینەکە قەبارەکەی ئەوەندە بچووکبووەتەوە، بەهۆیەوە لە بنى دەریا بچراوە
ئەو زانایانە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، “A23a” لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە چەندین جار نازناوی “گەورەترین شاخی سەهۆڵین” بەدەستهێناوە، هەندێکجاریش شاخى سەهۆلینى گەورەتر لەو هەبووە، بەڵام تەمەنیان کرتربووە، وەک شانەکانى “A68” لە ساڵی 2017، “A76” لە ساڵی 2021.
ئەو دوو زانایە پێشنیاریان کردووە، کە شاخە سەهۆڵینەکە بەهۆی ڕەوتی زەریاکانەوە جوڵاوەو بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات و بەپێی ئەو ئامارانەی، لەبەردەستدان “A23a” بە ڕێژەی 5 کیلۆمەتر لە ڕۆژێکدا دەجوڵێت.
ئەوان ڕایانگەیاندووە، هەرچەندە ئەم شاخە سەهۆڵینە تایبەتە وەک بەشێک لە خولی گەشەی سروشتی سەهۆڵین پچڕاوە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەرى گەورەى داناوەو بەو هۆیەشەوە ناوچە سەهۆلبەندییەکانى جەمسەرەکان ساڵانە بڕێکی زۆر سەهۆڵ لەدەستدەدەن.