جۆناسان پۆڵارد کە هاوڵاتیەکی ئەمریکی – ئیسرائیلیە و پێشتر وەک شارەزای هەواڵگری لە هێزی دەریایی ئەمریکا کاری کردووە، داوا دەکات دەمی کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلیەکان دابخرێت چونکە پێی وایە خۆپیشاندانیانی ئەوان دەبێتە فشار بۆ سەر حکومەتی ئیسرائیل.
پۆڵارد لە لێدوانێکی بۆ میدیا ئیسرائیلییەکان رایگەیاند، “پێویستە کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان زیندانی بکرێن بۆ ئەوەی بێدەنگ ببن”، دووپاتیشی دەکاتەوە کە “هیچ پێویست ناکات وێنەی بارمتەکان بەرز بکرێتەوە”.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا داوا دەکات دەمیان دابخرێت و دەڵێت، “کاتێک ئیسرائیل جەنگی راگەیاند، ئەوە پێویست بوو باری لەناکاوی نیشتیمانی رابگەیەنرێت، هەروەها بە کەسوکاری بارمتەکان بڵێین، یان ئەوەتا دەمتان دابخەن یان ئێمە دایدەخەین”.
ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی ئیسرائیل رێگری بکات و نەهێڵێت ئەو خێزانانە “دەستوەردان” لە ئیدارەدانی جەنگدا بکەن.
پۆڵارد ئاماژەی بەوەش کردووە کە خێزانی بە بارمتە گیراوەکان “وەک چەکێک لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژ بە حکومەتی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێن”.
جۆنسان پۆڵارد تۆمەتبار کراوە بەوەی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر ئەمریکاوە کردووە، ئیسرائیلیش تا ساڵی 1998 رەتیدەکردەوە پۆڵارد لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی سیخوری کردبێت، بەڵام لە ساڵی 2008 رەگەزنامەی ئیسرائیلی پێدا، هەروەها لە ساڵی 2015دا و دوای 30 ساڵ لە زیندانیکردنی ئازاد کرا، بەڵام بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تا ساڵی 2020 چاودێری لەسەر بوو نەیدەتوانی بە ئازادی هاتوچۆ بکات، دەستگیرکردنیشی لە کاتی خۆیدا شەرمێکی زۆری بۆ ئیسرائیل بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی سیخوڕی بەسەر نزیکترین هاوپەیمانیدا کردووە.
لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا بۆسەر ئیسرائل، بزوتنەوەی حەماس زیاتر لە 250 بارمتەی لە سەرباز و هاوڵاتی دەستگیرکرد، هەینی رابردووش ئاگربەستی کاتی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی رێککەوتنەکە کە بە نێوەندگیری قەتەر و ئەمریکا ئەمجام درا، رۆژانە حەماس نزیکەی 15 بارمتە ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش 45 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات.