راپۆرتێکی ئەمریکی مانەوەی سوپای ئەو وڵاتە لە عێراق و سوریا بەبێ پلانێکی سەربازیی روون بە “شەرمەزایی” ناودەبات و دەڵێت، سەربازانی ئەمریکا لە دوو وڵاتە “تەنها یاری بە مەرگ دەکەن.”
راپۆرتەکە لەلایەن دان کارڵدوێڵەوە نوسراوە کە پێشتر لە شەڕی عێراقدا سەرباز بووە و ئێستاش وەک شارەزایەک لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەنوسێت، ماڵپەڕی “The American Conservative” راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەربازانی ئەمریکا بێ ئەوەی پێویست بێت لە عێراق و سوریا یاریی بە مەرگ دەکەن، ئەمەشی بۆ ئیفلیجی سیاسەت و نەبوونی بوێری سیاسی ئیدارەی بایدن لەبەرامبەر دۆخی ئەو دوو وڵاتەدا گەڕاندووەتەوە.
سەرەتای راپۆرتەکە بە گێڕانەوەیەک دەستپێدەکات کاتێک ساڵی رابردوو رۆژنامەنوسێک لە دیبلۆماتکارێکی ئەمریکی دەپرسێت سیاسەتی ئیدارەی بایدن لەبارەی دۆخی سوریاوە چۆنە، لەوەڵامدا بەپرسە ئەمریکییەکە وەک پشتگوێخستنێک شانی هەڵتەکاندووە و پێکەنیوە.
راپۆرتەکە دەشڵێت، ئەو کەسانەی کە بە دڵنیاییەوە بە سیاسەتەکەی بایدن لە سوریا و عێراق پێناکەنن ئەو 70 سەربازەن کە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە برینداربوون، یاخود ئەوانەی زەبری درێژخایەن بەر مێشکیان کەوتووە، ئەمە جگە لەوەی بەڵێندەرێکی ئەمریکی کە پشتیوانی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد لە هێرشێکی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد گیانی لەدەستداوە.
هۆکاری بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کە شەڕی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو چیتر جێگەی گرنگی هاوڵاتیانی ئەمریکی نییە، سەرەڕای ئەوەش، هێزە ئەمریکییەکان لە کۆتایی ساڵی 2021دا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە عێراق راگەیاندووە، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا لای گروپەکانی نزیک لە ئێران کۆتایی نەهاتووە و هێشتا قەرەوڵەکانیان روو لەوانە.
هێشتنەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا و عێراق بەبێ بوونی ئامانجێکی روون، ئەمریکا پارێزراوتر ناکات
ئەو شارەزا سەربازییە دەشڵێت، هێشتنەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا و عێراق بەبێ بوونی ئامانجێکی روون، ئەمریکا پارێزراوتر ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانێکی کارەساتباری ژیانی ئەمریکییەکان کە رەنگە لەداهاتوودا سەربكێشێت بۆ شەڕێکی گەورە. دەشڵیت، مانەوەی ئەم سیاسەتە لەلایەن زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەمریکاوە، شەرمەزارییەکی گەورەی نیشتیمانییە.
بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە ماون کە ژمارەیان سێ هەزار و 500 سەربازە، بۆ ئەوەی بەتەواویی خۆیان بپارێزن، پێویستییان بە هێزی ناوخۆیی ئەو دوو وڵاتە دەبێت. پەراوێزیی ئەو هێزانەی ئەمریکاش وایکردووە کە ببن بە نێچیرێکی باش بۆ گروپە میلیشییاییەکانی نزیک لە ئێران و دوژمنەکانی دیکەی ئەمریکا لەناوچەکەدا کە دەیانەوێت زیان بە ئەمریکا بگەیەنن یان رایبکێشنە ناو شەڕێکی گەورەترەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، مەترسییەکی دیکەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا راکێشانی واشنتنە بۆناو شەڕێکی گەورەی ناوچەکە، هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە وادەکات ئەمریکا وەڵامی توندی هەبێت و لە ئەنجامیشدا لە شەڕێکی نەخوازراو لەگەڵ ئێراندا تێوەبگلێت. ئەگەر ئەمەش رووبدات، شەڕەکە تەنها لە عێراق و سوریادا نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ کەنداوی فارس و لوبنانیش پەرەدەسەنێت.
لە کۆتاییشدا نوسەرەکە پێیوایە دەبێت ئیدارەی بایدن سەربازەکانی لە عێراق و سوریا بکشێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی و هۆشداریش دەدات ئەگەر ئەمە نەکات، مەترسیی لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا دروستدەکات لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی دهاتوودا.