محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆویستانەی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا.
هۆکارەکەی: کاتێک نەجم جبوری لە ساڵی 2019دا بوو بە پارێزگار، بە بڕیارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق نەجم جبوری ریزپەڕ کرد (استثناء) لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڵام لەمدواییەدا و دوای ئەوەی ناکۆکی کەوتە نێوانیان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، حەلبوسی داوای کرد دۆسیەی نەجم جبوریش وەک پارێزگار رەوانەی دەستەکە بکرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شیاع سودانی دەنگی لەسەر دا، بەڵام دواتر پەرلەمان راسپاردەکەی رەتکردەوە.
نەجم جبوری لەو نامەیەدا کە داوای قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی دەکات نوسیویەتی، وەک رێزگرتن لە یاسا بەرکارەکان، دەیەوێت دەست لە پۆستەکە هەڵبگرێت تاوەکو کەسێک لە شوێنەکەی دیاری دەکرێت.
چۆن بوو بە پارێزگار: کاتێک لە ساڵی 2019دا نەوفل حەمادی، پارێزگاری ئەو کاتەی نەینەوا بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی لادرا و دواتر سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی مۆڵەتدان بە پڕۆژەی وەهمی، نەجم جبوری کە فەرماندەی ئەوکاتەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا بوو کرایە پارێزگار و تاوەکو ئەمڕۆش لە پۆستەکەدا مایەوە.
چی تر؟: دەستلەکارکێشانەوەکەی نەجم جبوری لە کاتێکی هەستیاردایە بەوپێیەی ناوبراو لەگەڵ چەند کەسایەتییەکدا هاوپەیمانێتییەکی بۆ هەڵبژاردنەکەی 18ی مانگی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە بە ناوی “نينوى لأهلها” پێکهێناوە، رەنگە ئەم هەنگاوەی ناوبراو دەنگێکی زیاتر بۆ هاوپەیمانێتییەکەی نەجم جبوری بەدەستبهێنێت.
جێگرەوەکەی کێیە؟ بەپێی زانیارییەکانی زووم، لە ئێستادا عەبدولقادر دخێل کە خەڵکی قەزای شنگالە و چەندین پۆستی لە شارەوانییەکانی پارێزگای نەینەوا وەرگرتووە کراوەتە پارێزگای شارەکە بە وەکالەت، بەڵام هیچ کەسێک بۆ پۆستەکە دیارینەکراوە و هیچ کەسێکیش خۆی کاندید نەکردووە.
ئەمەش بزانە؛ موسڵ پایتەختی پارێزگای نەینەوایە و دووەم گەورەترین شاری عێراق، پارێزگاکە بنکەی سەرەکی رێکخراوی داعش بوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراقی کۆنتڕۆڵکرد، رۆژی 10ی تەموزی 2017 لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگاکە و رووخاندنی خەلافەتی داعشیان راگەیاند.