راپۆرتێکی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئەفسەرێکی پلەباڵای هەواڵگریی ئیسرائیلی ناوەڕۆکی راپۆرتێکی وردی رەتکردووەتەوە کە پێشبینی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماسی بۆسەر ئیسرائیل کردبوو.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو ئەفسەرە باڵایەی هەواڵگریی ئیسرائیل کاتێک ناوەڕۆکی راپۆرتە هۆشدارییەکەی خوێندووەتەوە، بە “سیناریۆیەکی خەیاڵی” ناوی بردووە و پشتگوێی خستووە.
بابەتەکە بەمشێوەیە بووە، ئەو پاسەوانانەی کە چاودێری سنوری ئیسرائیلیان لەگەڵ غەزە کردووە، بە بەردەوامی شیکردنەوەیان بۆ ڤیدیۆ و زانیارییەکانیانی نزیک لە بەربەستی سنوری کردووە، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم، راپۆرتێکی ورد و درێژیان داوە بە بەرزترین ئەفسەری هەواڵگریی فەرماندەیی باشوری سوپای ئیسرائیل کە ئەرکی پاراستنی سنوری غەزەیە.
لە راپۆرتە هەواڵگرییەکەدا هۆشداریدراوە لەوەی چەکدارانی حەماس مەشق و راهێنان دەکەن لەسەر تەقاندنەوەی بەربەستە سنورییەکان بۆ چوونەناوە خاکی ئیسرائیل و دەستگرتن بەسەر خاڵە سەربازییەکاندا، ئاماژەبەوەشکردووە کە ئەوان دەیانەوێت ئاڵاکەیان لەناو خاکی ئیسرائیدا هەڵبکەن.
پاسەوانەکان هۆشداری ئەوەشیان داوە کە جەنگاوەرانی حەماس راهێنان لەسەر دەستگیرکردنی بارمتەکان دەکەن و خوێندنەوەیان ئەوەیە کە بەزووترین کات هێرش دەکەن.
فاینانشیاڵ تایمز باسی لەوەشکردووە کە شکست لە وەرگرتنی ئاماژە و هۆشدارییەکان بە جدی بووەتە جێگەی باس و مشتومڕ لەناو هەواڵگریی ئیسرائیل تا ئاستی سزادانیش رۆشتووە.
هۆکارێکی دیکە ئەوەبووە کە حکومەتی ئیسرائیل بڕوای وابووە کە حەماس بەهۆی گەمارۆی توندی سەر غەزە لاواز بووە و هێزی سەربازی ئەوەندەی نییە لەو جۆرە هێرشە ئەنجام بدات.
هۆکارێکی دیکە ئەوەبووە کە هێرشێکی لەو جۆرە لەلایەن حەماسەوە دەبێتەهۆی شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەش، بەپێی لێکدانەوە و خوێندنەوەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل، شتێکە کە حەماس خۆی لێ بەدوور دەگرێت و نایەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە شەڕەوە.
فاینانشیاڵ تایمز جەختیکردووەتەوە کە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم گەورەترین شکستی هەواڵگریی ئیسرائیلە دوای جەنگی ساڵی 1973 کاتێک میسر و سوریا لەناکاودا هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.