زووم:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەبیانووی گۆڕینی دیمۆگرافیا و گۆڕانکاری لەتۆماری دەنگدەران داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات.
موهەیمەن عەلی حەمدانی نوێنەری عەرەبی کەرکوک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت و سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراقی کردوە، داوا دەکات بەپێی ناوەڕۆکی مادەی ١٣ لەیاسای هەڵبژاردنی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٢٣، هەریەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و تەندروستی و داد و بازرگانی و پلاندانان، هەروەها نوێنەری پێکهاتەکان لەئەنجوومەنی نوێنەران پێداچوونەوە بکەن بە تۆماری دەنگدەران بەپێی ئەو میکانیزمانەی لەیاساکەدا هاتووە.
لە نووسراوەکەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەش کردووە، کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ساختەکاری لە تۆماری دەنگدەران کراوەو تۆماری دەنگدەران و نفوسی ٢٥٠ هەزار کەس لەدەرەوەی کەرکوکەوە (مەبەستی کوردە) گواستراوەتەوە سەر پارێزگای کەرکوک و گۆڕانکاری دیمۆگرافیای دروستکردووە.
موهەیمەن حەمدانی هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت، ئەوا پەنا دەبەنە بەر یاساو دادگای فیدراڵی بۆ دواخستنی هەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژى 18ى مانگى داهاتوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەرێوەبچێت و تائێستاش چەند داواکارییەک بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لە پارێزگاى کەرکوک کراوە، بەڵام سەرجەم داواکارییەکان رەتکراوەتەوە.