سەرەڕای پێشکەوتنە سەربازییەکانی سوپای میلیی چین، هەر لە موشەکی سەرودەنگ تاوەکو درۆنی ژێردەریایی، تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەوە وڵاتە هێشتا لەدوای ئەمریکا و رۆژئاواوەیە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی زە ئێکۆنۆمیست.
لە سەدەی ڕابردوودا چین لەڕووی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە لە دۆخێکی خراپدابوو، بەشێوەیەک تەنها ئەو چەکانەی هەبوون کە لەیەکێتی سۆڤیەتەوە بۆی مابووەوە و هەندێکیان هەمان ئەو چەکانە بوون کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەکارهێنرابوون، جگەلەوەش، نەیدەتوانی رەزامەندی ئەمریکا و رۆژئاوا بەدەستبهێنێت بۆ پێدانی چەکی گەورە و کوشندە.
دوای چوار دەیە و لە ئێستادا ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی شی جینپینگ، دەتوانێت خۆی سەرجەم ئەو چەکانەی کە پێویستییەتی دیزاین بکات و بەرهەمیان بهێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە ئەنجام دەدرێت، هەر لە دروستکردنی ئەو ژێردەریاییانەی کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکەن یاخود ئەو فرۆکە جەنگییانەی کە دەتوانن خۆیان لە رادار بشارنەوە تا دەگاتە جبەخانەی موشەکە گەورەکانی.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، سوپای چین موشەکی سەرودەنگی مامناوەندی دروستکردووە کە دەتوانێت بگاتە لێواری بەرگەهەوای دەوری گۆی زەوی و خۆی لە رێرەویی بەرگریی لابدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، چین لە ساڵی 2021دا موشەکێکی دوورمەودای تاقیکردەوە کە رۆژێک دێت بتوانێت بۆمبی ئەتۆمیی هەڵبگرێت و بگاتە خاکی ئەمریکا.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چەندین کەلێنی تەکنیکی لە چەک و تەکنەلۆژیا سەربازییەکانی چیندا بەدی دەکرێن، لەوانەش کێشەی دابیننەکردنی کەلوپەل و دواکەوتنی گەشەسەندنەکانی.
چین خاوەنی 10 کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی چەکە، کە ستافی کارکردن ژمارەیان زیاد لە پێویستە کە زۆر بە لاوازی بەڕێوەدەبرێن و لەبارن بۆ شاردنەوەی هەڵەکانییان، ئەمەش وادەکات ئەو چەکانەی بەرهەمدەهێنرێن بەتەواوەتی پشتیان پێنەبەسترێت.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هەوڵی وڵاتەکە بۆ هێنانەناوەوەی کۆمپانیا تایبەتییەکان بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە، لە هەندێک پارچە و پێداویستیدا تا ئێستا چین پشت بە وڵاتانی دیکە دەبەستێت بەشێوەیەک کە پشتبەستن بە دابینکردنی ئەو پارچانە جێگەی گومانە.
لەپاڵ کێشە تەکنیکییەکانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی شی جینپینگی سەرۆک، هێشتا گەندەڵیی کێشەیەکی دیکەیە لەبەردەم پێشکەوتنی کەرتی سەربازی چیندا، لەوانەش لایەنگیری، پیلانگێڕیی و دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان، هەربۆیە بەرپرسانی رۆژئاوا دەڵێن، هۆکاری دیارنەمانی جەنەراڵ لی شانگفو وەزیری بەرگریی و لەکارلادانی لە مانگی رابردوودا، دوای حەوت مانگ لە دەستبەکاربوونی، پەیوەندیی بەم پرسەوە هەبێت.
بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراین، سوپای چین چەند جارێک ئەوەی پشتڕاستکردبووەوە کە توانا سەربازییەکانی نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی شەڕی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بباتەوە. لەدوای هێرشەکەی روسیاش، ئۆکراین چەندین درزی لە چەکەکانی روسیادا بەدیکرد کە هەمان ئەو چەکانەن چین لە روسیا کڕیونی و لەبری کۆپی کردوونەتەوە.
لاوازی تانکەکانی روسیا، ئۆتۆمبێلە گولـلەنەبڕەکانی، کەشتییە جەنگییەکانی، سیستەمە موشەکییەکان و درۆنەکانی جێگای نێگەرانی بوون. لەوبارەیەوە پیشەسازیی وەزارەتی بەرگریی چین ساڵی رابردوو رایگەیاند، دەبێت لەروی پارێزگاری ئەو چەکانەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاو ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی زیانەکانی شەڕ کەمبکەینەوە.
بەشێوەیەکی ناراستەوخۆش، شی جینپینگ لە گوتارێکیدا بەهاری رابردوو رایگەیاند، دەبێت پیشەسازی وەزارەتی بەرگریی چین زیاتر جەخت بخاتەسەر داهێنان، پشتبەخۆبەستن و بردنەوەی شەڕەکان.
سەرەڕای ئەمەش ئابووری چین لە ئێستادا لەدۆخێکی خراپدایە و بودجەی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ ساڵی 2023 تەنها 225 ملیار دۆلارە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بودجەی سەربازیی ئەمریکا 817 ملیار دۆلار بووە.
هەرچەندە ئەم بودجەیەی چین وایکردووە وڵاتەکە لێکۆڵینەوەی باش لەبارەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی جەنگ بکات، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن هێشتا وڵاتەکە زۆری ماوە بتوانێت کارامەیی لەبواری دیزاین و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی ئەو تەکنەلۆژیایانە بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لەبواری بەرهەمهێنانی بزوێنەری ئەو چەکانە کە وڵاتەکە خۆی بەرهەم ناهێنرێت و لەکاتی بەکارهێنانیان بۆ چەکە چینییەکان کێشەی تەکنیکییان بۆ دروست دەبێت، جا چ بۆ فڕۆکەکانی بێت یان ژێردەریاییەکان.
بەهۆی ئەم كێشانەوە لەئێستادا نێوبانگی چین وەک هاوەدەکارێکی چەک لەسەر ئاستی جیهاندا لە مەترسیدایە، لە چەند راپۆرتێکی ئەمدواییانەدا، چەندین کێشە لەو چەکانەدا هەیە کە چین هەناردەی وڵاتانی بەنگلادش، میانمار، پاکستان و نەیجیریای کردووە، بەشێوەیەک دەڵێن چین باشترین بەرهەمەکانی هەناردە ناکات.
هەرچەندە شی جینپینگی سەرۆک دەڵێت دەیەوێت تا ساڵی 2035 کەرتی سەربازیی دروستکردنی چەک بەشێوەیەکی بنەڕەتی “مۆدێرنیزە” بکات، بەڵام بەدیهێنانی ئەو ئامانجە رەنگە کارێکی سەخت بێت.