ئەمڕۆ هەریەک لە دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیلی و سوپای ئەو وڵاتە لیستی کۆمەڵێکی دیکە لەو بارمتانەی لای حەماسیان بە دەستگەیشت کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئازادبکرێن، ئەمەش بەشێکی دیکەیە لەو رێککەوتنەی کە بە نێوەندگیریی قەتەر لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا واژۆکراوە و بەهۆیەوە لە دوێنێوە شەڕی نێوانیان راگیراوە.
لە ئێستادا بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل خەریکی پێداچوونەوەی لیستەکە و ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیانن. هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل لیستی ناوەکان بە هۆکاری ئەمنیی و سەلامەتی بارمتەکان بۆ رای گشتی راناگەیەنن، ئاماژەیان بەوەکردووە کە خێزانەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و لەنێوشیاندا منداڵ هەن.
راگەیاندنی لیستی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە حەماس 10 بارمتەی تایلەندی، 1 بارمتەی فلیپینی و 13ی دیکەی ئیسرائیلی ئازادکرد، کە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون. لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل 39 هاوڵاتیی فەلەستینی کە پێشتر زیندانی کردبوون و ژن و منداڵ بوون، ئازادکرد. پرۆسەی ئازادکردنەکەش لەڕێگەی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدرا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لەماوەی ئەم چوار رۆژەدا، حەماس 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل 150 زیندانی ئازاددەکات.
هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکانی هەردوولا و وەستانی شەر بۆماوەی چوار رۆژ، بە ئەندازەیەکی زۆر رێگە بە ناردنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەزە دەدەرێت. لەوباریەوە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند تەنها دوێنێ 137 بارهەڵگر لە کەلوپەڵی مرۆیی رەوانەی غەزە کراون، ئەمەش زۆرترین بڕە لە رۆژێکدا لە 7ی مانگی رابردووەوە رەوانەی ئەو ناوچە گەمارۆدراوە کرابێت، لەکاتێکدا دانیشتووانی غەزە بەدەست نەبوونی خۆراک، ئاو و پێداویستی پزیشییەوە دەناڵێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا دوێنی وەک یەکەم هەنگاو، 130 هەزار لیتر سوتەمەنی رەوانەی غەزە کرا کە بەشێکە لەو رێککەوتنە و بڕیاریشە رۆژانە چوار تانکەر سوتەمەنی رەوانەی غەزە بکرێت، کە بۆ دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوە سودی لێدەبینرێت.