ئەمڕۆ هەینی ئاگربەستی ئیسرائیل و گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین بۆ ماوەی چوار رۆژ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئاژانسەکانی هاریکاری هیواخوازن ئەو ماوەیە بۆ ناردنی هاوکاری بۆ کەرتی غەزە بقۆزنەوە کە بەهۆی جەنگەوە دۆخی شارەکە بۆتە کارەساتبار و لە هەموو لایەنێکەوە پێویستی بە هاریکارییە.
بەهۆی کەمبوونەوەی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان و ئاوەوە، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریان لە بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی دەدا، کە بەهۆیەوە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر دەبێت. لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هاوکارییەکی دەرەکی نەگەیشتۆتە باکوری کەرتی غەزە، بۆیە وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ئەو ناوچەیەی بە ” دۆزەخی سەر زەوی” ناوزەند کرد.
دۆخی کەرتی غەزە بەهۆی جەنگەوە:
ئاوارەبوون:
لە کۆی 2.3 ملیۆن کەس نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس لە کەرتی غەزە ئاوارە بوون،هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت:” نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە دەرەوەی کەمپەکان بە کۆمەڵ خێوەتیان هەڵداوە و ئاژانسەکانی هاریکاری و ئاژانسی ئۆنروای فەلەستینی سەرپەرشتیان دەکەن، ژمارەی ئەو شوێنانە بەلایەنی کەمەوە دەگاتە 156 شوێن. ژمارەی ئاوارەکان زۆرن و چوار هێندە لە توانای ئاژانسەکان زیاترن، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەیان هەزار کەس لە باکورەوە بەرەو باشوری کەرتەکە ئاوارەبوون، بەڵام باشوریش لە بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بەدەر نەبوو، لە هەفتەکانی کۆتایدا چەند جارێک بۆردومان کراو بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی. زۆرینەی پیاوان و گەنجەکان لە دەرەوەی خێوەتەکان و لەسەر شەقامەکان دەخەون،هەروەها زۆرێک لە خێزانەکان لە خان یونس لە دەرەوەی کەمپەکان خێوەتیان هەڵداوە.
نەخۆشخانەکان:
بەهۆی سەختی بۆردومان و کەمی سوتەمەنییەوە ،هیچ نەخۆشخانەیەک لە باکوری غەزە بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانی خۆی ناکات، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت لە باشوری غەزە لە کۆی 11 دامەزراوە هەشتیان کاردەکەن، بەڵام تەنها یەک نەخۆشخانەیان نەشتەرگەری ئاڵۆزی تێدا ئەنجام دەدرێت. لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی ئۆکسفامی خێرخوازی دەڵێت:” لەم مانگەدا ژمارەی لەدایک بوونی پێشوەختە بە نزیکەی یەک لەسەر سێ زیادی کردووە،ئەمە جگە لەوەی ژنانی دووگیان رووبەڕووی دڵەڕاوکێ و شۆکی دەرونی بوونەتەوە.
گەیشتنی هاریکارییەکان:
لە 21ی ئۆکتۆبەرەوە دەروازەی سنوری رەفەح لەگەڵ میسر کراوەتەوە، کە لەوێوە رێگا بە هاتنی هاریکارییەکان دەدرێت،ئەمە لە کاتێکدایە تەواوی دەروازەکانی دیکەی غەزە داخراون. ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە لە میسرەوە 80 بارهەڵگر کەلوپەلی پێویستی رۆژانەیان گەیاندە غەزە، هەروەها وڵاتی میسر ئاشکرای کرد کە رۆژانە 130 هەزار لیتر سوتەمەنی و چوار تەنکەری غاز دەچنە ناو غەزەوە، هەروەها لەگەڵ دەستپێکی ئاگر بەست ژمارەیان بۆ 200 بارهەڵگر بەرز دەبێتەوە.
ئاو:
بەهۆی رێگادان بە هاتنی سوتەمەنی بەشێک لە بیر و وێستگەکانی ئاو لە باشوری غەزە کەوتونەتەوە کار،بەڵام نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت” مەترسی لە وشکبوونی باکور هەیە، چونکە هیچ وێستگەیەک کار ناکات و هیچ بۆرییەکیش لە ئیسرائیلەوە نایات”.
سوتەمەنی:
ئیسرائیل رۆژانە رێگا بە هاتنی بڕێکی سنورداری سوتەمەنی دەدات، رۆژی پێنج شەممە 75 هەزار لیتر لە میسرەوە هاوردەی غەزە کراوە، ئۆنراواش ئەو سوتەمەنیە بۆ دابەش کردنی خۆراک و کارپێکردنی مۆلیدەی نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو و پێداویستییە گرنگەکانی دیکە بەکاردەهێنیت.