زووم:
لە ئێستادا پێشبڕکێیەکی نوێی گەرم لەسەر ئەفریقا دروستبووە، کە ئەویش بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکانی و هەندێک لایەنی دیکە لەو کیشوەرە، کە بە “کیشوەرى رەش”یش ناودەبرێت.
پێشتر ئەوروپییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە چەند جارێک لەم دەرگەیەیاندا، ئیستاش هەردوو هێزی گەورەی جیهانی، کە بریتیین لە چین و ئەمریکا، لەگەڵ هێزە هەرێمییەکانی دیکەی وەک روسیا، سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەدوای کانزا و پۆڵادا لەو کیشەوە دەگەڕێن.
بە گوێرەى خەمڵاندنەکان، رێژەیەکى زۆرى کانزا و پۆڵا لەوڵاتانى ئەفریقا هەیە، کە ئەو ماددانە رۆڵی سەرەکی لە دروستکردن و پێشخستنى تەکنەلۆژیادا دەبینن، وەک مۆبایلی زیرەک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، تۆرباینی با، کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو.
بۆ گەرەنتی پەیداکردنی ئەم ماددانەش وڵاتانی پێشکەوتوو، بەتایبەتى چین و ئەمریکا بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێن، کە ئەو ماددانەی زۆربێت و پێداویستییەکانى خۆیانی پێدابینبکەن، تا لەو رێگەیەوە گەرەنتى مانەوەى پیشەسازى وڵاتەکەیان بکەن.
لە کێبرکێکەیاندا، چین لە گەیشتن بە ماددە کانزایییەکان پێش ئەمریکا کەوتووە، چونکە هەر زوو گرنگییەکەی لە رووی ستراتیژییەوە زانی، بۆیە پارەیەکی زۆری بۆ دەرهێنان و پاڵفتەکردنیان خەرجکرد، بەمەش ئێستا لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانەوە پێگەیەکی گەورەی گرتووە، بەشێوەیەک لە سەدا 60ی ماددەکانی ژێر زەوی بەرهەمدەهێنیت، هەروەها لە سەدا 80ی بەرهەمى بازاڕیش دابیندەکات، بەم هۆیەوە چین پێگەیەکی میحوەری لە بەرهەمهێنانی مادەی خاو هەیە، بەشێوەیەک چەند ساڵێکە وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا و ئەوروپاش پشت بەو وڵاتە دەبەستن، بۆ نموونە ئەمریکا تا نزیکەی لەسەدا 80ى پیشەسازی وڵاتەکەى پشت بە مادەی چینی دەبەستێت، ئەمە لە کاتێکدایە، وڵاتانی ئەوروپاش زیاتر پشتی پێدەبەستن، بەشێوەیەک دەگاتە لە سەدا 98.
رووکردنە ئەفریقا
ئەفریقا لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی لە سەدا 30ی یەدەگی کانزاکانە، هەروەها یەدەگی ئاڵتونیشى لەسەدا 40، خاوەنی گەورەترین یەدەگی یۆرانیۆم و پلاتینیشە، هاوکات بەرهەمهێنەری سەرەکی کرۆم، مەگنەنیز و تیتانیۆم و ئەڵماسیشە.
لەگەڵ بوونی ئەم هەموو مادانەشدا، وڵاتانى کیشوەرەکە نەیتوانیوە سودی تەواو لەو کەرەستانە وەربگرن و خۆیان بەرهەمى بهێنن، چونکە دەرکردنیان خەرجییەکی زۆری پێویستە، ئەمە جگە لەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتەکانى کیشوەرەکەش کاریگەری نەرێنى خۆى هەبووە.
پێشتر رووسیا لە سەدا 27ی پلادیۆم و لەسەدا 10ی نیکڵ و لەسەدا 6ی ئەلەمنیۆمى جیهان بەرهەمدەهێنا، بەڵام لە شوباتی 2021وە کۆمپانیا روسییەکان هەندێک لە بەرهەمەکانیان لەبری هەناردەکردن بۆ مەبەستی سەربازی لەناوخۆ خستە گەڕ، ئەوەش بەهۆى شەڕى وڵاتەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا.
هەروەها بەهۆی سزا سەپێندراوەکانی سەر کۆمپانیا روسییەکانیش، ناتوانن وەک پێویست ماددەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان هەناردەبکەن، بۆیە ئەم هۆکارانە وایکرد بەرهەمهێنانی دابەزێت، کە بەهۆیەوە ئەو کەرەستانە لەبازاڕەکانى جیهان کەمبوونەوەو نرخەکەشیان بەرزبووەوە، ئەوەش وایکرد، وڵاتانى گەورەى پیشەسازى لە دەرگاى تر بدەن.
داواکاری زیاتری لەسەر ماددە سروشتییەکان واى لە چین کرد، روو لە ئەفریقا بکات، بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی خۆی پێبەڕیوەبەرێت، کە ئەو وڵاتە لە دەستگەیشتنی بە کەرەستەکانی ئەفریقا شێوازی کارکردنی لە رۆژئاواییەکان جیاواز بوو.
وڵاتانی ئەوروپا کاری لە پێشینەیان فەرمانڕەوایەتی و تەندروستی و ئاسایش و مافی مرۆڤ و پێودەنگە ژینگەییەکانە، بەڵام چین لە بەرامبەر گەیشتن بە کەرەستە خاوەکانی ئەفریقا، هەوڵی بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری بۆ ئەفریقادا، ئەمە جگە لەوەی قەرزیان پێدەدات.
لەو چوارچێوەیەش، وەبەرهێنانی چین لە ئەفریقا چەندین لایەنی گرتەوە، وەک نەوت، غاز، کانزاکان، سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە، هەر ئەمەش وایکرد، کارکردنی کۆمپانیاکانی چین لە دەرهینانی کەرەستە خاوەکانی ئەنگۆلا و سودان و نایجریا زیادبکات.
ئێستا ئامانجی سەرەکی چین بۆ ئەوەیە، لە شوێنێک بوونی هەبێت، کە قازانجی زۆری ئابووری لێبکات، بۆیە بە خێرایی چەندین پرۆژەی لە نێوان ژێرخانی ئابووری و دەرهێنانی کەرەستەی سروشتی دروستکردووە، ئەم شێوازی کارکردنەش لەسەرەتادا پێشوازی باشی لێکرا، چونکە جۆرێک لەسەرنجراکێشی تێدابوو، کە ئەمە قازانجی خێرای بۆ چین لێکەوتەوە، بەبێ ئەوەی چین هیچ داواکارییەکی لەو وڵاتانە هەبێت، لە کاتێکدایە وڵاتانی ئەوروپا داوای چاکسازیان دەکرد، بەڵام چین بۆ قازانجی خۆی کاری دەکرد.
لەگەڵ ئەمەشدا چین رووبەروی ئاڵنگاری زۆر بووەوە، چونکە تەواوکردنی پرۆژەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و دواتر گەڕاندنەوەی ئەو پرۆژانە بۆ ئەو وڵاتانە، هاوکارنەبوون بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو کەرەستانە دەربکات.
ئێستا ئامانجی سەرەکی چین بۆ ئەوەیە، لە شوێنێک بوونی هەبێت، کە قازانجی زۆری ئابووری لێبکات
وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش لە کێبرکێکەدان
ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت جگە لە چین، ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوی عەرەبی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقادا بەشدارییەکی کارای هەیە، کە دروستکردنی کۆمپانیای وەبەرهێنانی ناوخۆیان کردووەتە کاری لەپێشینەی خۆیان بۆ دەرهێنانى ئەو ماددانە.
ئەم پلانە ستراتیژییەی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەیە لەلایەک بتوانن تەکنەلۆژیای گواستنەوەی وزە و هەناردەکردنی گەشەپێبدەن و لەلایەکی دیکەشەوە سود لە پێگەی جوگرافیای خۆیان وەربگرن، چونکە ئەفریقا بەهۆی نزیکی جوگرافیاییەوە و پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو کیشوەرەکە، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئەو ئەو وڵاتانە.
ئەمە ئێستا بە ئاستێک گەیشتووە، وڵاتێکى وەک ئیمارات بە کردەیی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە ئەفریقا سەلماندووە، بەشێوەیەک پلەی چوارەمی لە بەرهەمهێنان لەو وڵاتانە وەرگرتووە.
لە تەموزی 2023دا گروپی کۆمپانیاکانی پریمێرەی ئیمارات بە بری 1.9 ملیار دۆلار رێکەوتنێکی لەگەڵ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات واژووکرد، کە بەهۆیەوە رێگا بەو کۆمپانیایە دەدرێت کەرەستە خاوەکان دەربکات، هەروەها لەساڵی 2021دا کۆمپانیا ئیماراتیەکانیش بەڵێنی پارەیەکی زۆریان بۆ وەبەرهێنان بە حکومەتی نایجریادا.
لە لایەکى تریش، چەند ڕاپۆرتێک باس لە گفتوگۆی نێوان سعودییە و ئیمارات دەکرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەن بە کەرەستە خاوەکانی ئەفریقا، خۆ ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە سعودییەش پشکی دەبێت لە دەرهێنانی کەرەستەکانی کۆنگۆی دیموکرات.
ئەم پلانە ستراتیژییەی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەیە لەلایەک بتوانن تەکنەلۆژیای گواستنەوەی وزە و هەناردەکردنی گەشەپێبدەن و لەلایەکی دیکەشەوە سود لە پێگەی جوگرافیای خۆیان وەربگرن
روسیا بێدەنگ نابێت
چەند ساڵێکە رووسیا دەیەوێت هەژموونی جیۆسیاسی خۆی لە ئەفریقا بچەسپێنیت و وەک هێزێکی گەورەش خۆی دەربخات، هەروەها هەژموونی رۆژئاواییەکانیش کەمبکاتەوە، کاریشبکات بۆ ئەوەی لە رێگای بریکارە بازرگانەکانییەوە قازانجی زیاتر بکات، لەم رێگایەشەوە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرێت.
رووسیا لە ریگای هاوکاری و پاڵپشتییە سەربازییەکان خزمەتگوزاری ئەمنییەوە و پشتگیری راگەیاندنەوە بۆ بەرپرسە باڵاکان، توانیویەتی بەشێوەیەکی کارا لە ئەفریقا بمێنیتەوە، هەروەها سودی لە نەسەقامگیری سیاسی لە ئەفریقا و هەڵەی هەندێک وڵاتانی ئەوروپا وەرگرتووە.
لەلایەکى تر توانیویەتی سود لە هەندێک وڵات وەربگریت، کە کێشەی خراپ بەڕێوەبردنیان هەیە وەک سۆدان و کینیا و مۆزەمبیق، چونکە ڕێکەوتنی گەورە و پڕ لە قازانجی لەگەڵ واژوو کردووە، بۆ نموونە گروپی ڤاگنەرى رووسى، لەبەرامبەر وەرگرتنی گریبەستی پڕ لە قازانج خزمەتگوزاری ئەمنی پێشکەش ئەو وڵاتە دەکات.