زووم:
72 کاتژمێرى رابردوو مشتومڕێکى زۆر لەنێوان لایەنە سونییەکانى عێراق هەبووە، تا ئەوەى ناوى شەش کەسیان دیاریکردووە، بۆ ئەوەى ببنە کاندیدى سەرۆکى نوێى پەرلەمان.
24 کاتژمێرى داهاتووش، یەکلاکەرەوە دەبێت، بۆ ئەوەى لەو شەش کەسە، یەکێک لەو کەسانە وەک کاندیدى کۆتایی بمێنێتەوەو بە سەرۆکى نوێى پەرلەمان هەڵبژێرێت.
حەسەن جبوری، پەرلەمانتارى عێراق لەو بارەوە دەڵێت: هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێى پەرلەمانى عێراق پرسێکی ناوخۆیە و وڵاتان مافی ئەوەیان نییە دەستوەردان لەو بابەتەدا بکەن.
حەسەن جبورى دەشڵێت: پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، پشکى لایەنە سونییەکانە لەناو سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق، بۆیە لایەنەکان ئەو پرسەیان بۆ سوننەکان جێهێشتووە، تا کاندید پێشکەش بکەن و پەرلەمانیش دەنگى لەسەر بدات.
بە گوێرەى کارنامەى پەرلەمانى عێراق بۆ رۆژى چوارشەممەی داهاتوو (22ی تشرینی دووەمی 2023)، دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکى پەرلەمان دەکرێتەوەو بە دەنگدانیش سەرۆکى نوێ هەڵدەبژێرێت.
بە گوێرەى زانیارییەکان، لەو 6 شەش کەسەى ناویان هێنراوە بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، دوو ناو زۆرترین پشتگیرییان لەناو لایەنە سونییەکان هەیەو رەنگە یەکێک لەو دوانە وەک دوا کاندید بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بمێنێتەوە.
لەو بارەوە محەمەد خالیدی ئەمیندارى گشتى “بيارق الخير” دەڵێت: کۆبوونەوەکانی هێزە سوننەکان ماوەی ٧٢ کاتژمێرە بەردەوامن بەمەبەستی یەکلاکردنەوەى کاندیدەکان، بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان.
ئەو وتیشى: تا ئێستا 6 ناو پێشنیارکراون لەلایەن هێزە سوننەکانەوە وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام زۆرترین پشتگیرى بۆ مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی هەیەو رەنگە یەکێک لەو دوانە چانسى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانیان هەبێت.
محەمەد خالیدی باسى لەوەش کرد، 3 کۆبوونەوەی گرنگ هەیە، کە لەماوەى 24 کاتژمێرى داهاتوو ئەنجامدەدرێت، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەى کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، بۆ ئەوەى لە رۆژى چوار شەممە ئەو بابەتە یەکلابکرێتەوە.
14ى ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بە تۆمەتی ساختەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق لەیس دولەیمی، بەوەش پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى لەدەستدا.