زووم:
ماوەی 46 رۆژە بە بەردەوامی سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکاتە سەر کەرتی غەزە لە فەڵەستین، ئەوەش لە کاردانەوەی ئەو هێرشەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر چەکدارانی فەڵەستینی لە کەرتەکەوە کردیانە سەر باشووری ئەو وڵاتە.
هێرشەکانی ئیسرائیل، بە پێشکەوتووترین چەکی سەردەم و پاڵپشتی تەکنەلۆژی سەربازی ئەنجامدەدرێن، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامە جیهانییەکان، ئەو هێرشانە نە ئامانجەکانی بە تەواوی پێکاوە، نە زیانەکانی سوپاکەیان کەمکردووەتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری ئەفسەران و شارەزایانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل تەنیا بەشێکی کەمیان لە توانا سەربازییەکانی چەکدارانی فەڵەستینی لە غەزە لەناوبردووە، لەکاتێکدا ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازی ئەو چەکدارانەیە.
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، جگە لەوەی سوپای ئیسرائیل نەیتوانیوە، زیانی زۆر بە ژێرخانی سەربازی چەکدارانی فەڵەستینی بگەیەنێت، نەیشیتوانیوە سەرکردە باڵاکانی ئەو چەکدارانە بکوژێت، یان دەستگیریان بکات، ئەوەش بەهۆی قەرەباڵغی زۆری کەرتی غەزە.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای شەڕەوەو بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ کەرتی غەزە، زیاتر لە ١٣ هەزار کەسی مەدەنی کوژراون، کە نزیکەی ٧٠%یان ژن و منداڵن، لە هەمانکاتدا ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە ٣٣ هەزار کەسە.
هاوکات رۆژنامەی “لۆفیگارۆ”ی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، ئەو باڵادەستییەی سوپای ئیسرائیل لەرووی سەربازی و تەکنەلۆژی لە شەڕی غەزە هەیەتی سوودێکی ئەوتۆی پێنەگەیاندووەو نەیتوانیوە زیانەکانی کەمبکاتەوە، بەو پێیەی رۆژانە لە ریزی سوپاکەدا کوژراو و برینداری هەیە، ئەمە جگە لە زیانە ماددییەکان، کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەملێنێرێت.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە ناوبانگی لەکەداربووە، ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانییەکان لە کەرتی غەزە، کە زۆرینەی قوربانییەکان کەسانی مەدەنین.
رۆژنامەکە نموونەی بە هێرشەکانی سوپاکە بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا هێناوەتەوە و جەختیکردووەتەوە، رەنگە ئەوە دەروازەیەک بێت بۆ جووڵاندنی چەند کەیسێکی یاسایی لە دژی ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتی.
لە لایەکی تر ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا ئیسرائیل لە ژێر فشاری حەوتی ئۆکتۆبەردا، بۆیە پێیوایە، ئەگەر توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان بکات ئارامی و ئاسایشی پێدەبەخشێت.
هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بەو توندوتیژیانەی لە غەزە ئەنجامی دەدات، فشارە ناوخۆییەکان کەمبکاتەوە، بەتایبەتی ئەو فشارانەی لەسەر بەرپرسیانی حکومی و سەربازی لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دروست بووە.