زووم:
ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس کۆدەبنەوەو بڕیار لە بارەی داهاتووی بازاڕی نەوت دەدەن، ئەی ئایا رێکخراوی ئۆپێک پڵەس چییەو بڕیارەکانیان چ کاریگەرییەکی بەسەر بازاڕی نەوتەوە دەبێت؟
پێشتر عێراق، ئێران، کوێت، سعودیە و ڤەنزوێلا لە ساڵی 1960 رێکخراوی ئۆپێکیان لە بەغداد دامەزراند، ئەوەش بە ئامانجی هەماهەنگی سیاسەتەکانی نەوت و دەستەبەرکردنی نرخێکی دادپەروەرانە و جێگیر.
ئێستا ڕێکخراوەکە لە 13 وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت پێکهاتووە، زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقان و نزیکەی 30%ی نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن.
ئۆپێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ 10 وڵاتی گەورەی هەناردەکاری نەوتی جیهان، کە لە ناویاندا ڕوسیا هەبوو، هاوپەیمانییەکی نوێی پێکهێنا و ناونرا رێکخراوی ئۆپیک پڵەس.
ئێستا بەرهەمی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس نزیکەی لەسەدا ٤٠ی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت و ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانییەکەش ڕێکخستنی دابینکردنی نەوتە بۆ بازاڕی جیهانی، بە سەرکردایەتی سعودیە و ڕووسیا، کە هەریەکەیان نزیکەی نۆ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمدەهێنن.
بەرهەمی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس، کە نزیکەی لەسەدا ٦٠ی بازرگانی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت، ئەوەش بە گوێرەی مەزەندەی ساڵی ٢٠٢١، خاوەنی زیاتر لە ٨٠%ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانیشن.
بە سەرنجدان بەوەی، ئۆپیک پڵەس پشکێکی هێندە گەورەی لە بازاڕی نەوت هەیە، کەواتە بە دڵیایی ئەو بڕیارانەشی دەیدەن دەتوانن کاریگەری هەبێت لەسەر نرخی نەوتی جیهانی، بەوەی نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە کاتێک ئەو وڵاتانە بڕیاردەدەن دابینکردن نەوت کەمبکەنەوە، بە پێچەوانەشەوە نرخەکان بەرەو دابەزین دەچن، کاتێک گروپەکە بڕیاردەدات نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی “ئۆپێک پڵەس” لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، سعودیە وەک ئەندامێکی سەرەکی هاوپەیمانییەکە بەڵێنیدا لە مانگی تەمموزدا بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبکاتەوە، کە گەورەترین ڕێژەیە لە کەمکردنەوەی هەمەلایەنەی هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس” بۆ سنووردارکردنی دابینکردنی نەوت تا ساڵی 2024.
سەرەڕای ئەو بڕیارەو بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رابردوو، بەڵام ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، نرخی نەوت بە نزیکەی لەسەدا پێنج دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگدا، ئەمەش لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان لەبارەی گەشەی ئابوورییەوە زیاتر بوون و رەنگە ئۆپیک پڵەس بۆ رێگری لە دابەزینی زیاتری بەهای نەوت بڕیاری نوێ لەبارەی سنووردارکردنی نەوت بدات.