ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەى حەماس، لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز نێردراوە رایگەیاند، لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بووەتەوە لە راگەیاندنى ئاگربەست، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و هێرشە موشەکییەکانی حەماس بۆ ناوخاکی ئیسرائیل بەردەوامن.
رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی بەرپرسانی قەتەر ئەنجامدەدرێت و لەوبارەیەوە هەنییە رایگەیاندووە، داواکارییەکانیان بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هەرچەندە لەبارەی رێککەوتنەکەوە، هەنییە هیچ زانیارییەکی دیکەی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بە کەناڵی جەزیرەی قەتەری راگەیاندووە، لە ئێستادا گفتوگۆکان لە چوارچێوەی ئەوەدا دەخولێتەوە بۆ ماوەی چەند ئاگربەست کۆتاییی دێت و میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و زیندانییەکانی ئیسرایل چۆن دەبێت. بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانیش تایبەتن بەوەی هاوکارییە مرۆییەکان چۆن دەگاتە غەزە.
بڕیارە وردەکاریی رێککەوتنەکە لەلایەن قەتەرەوە رابگەیەندرێت و وەک بەشێک لە زانیارییەکانیش، لەسەرەتادا هەردوولا ژنان و منداڵان ئازاد دەکەن.
لە 7ی مانگی رابردوو، چەکدارانی حەماس لە بەرەبەیانێکی زوودا دزەیانکردە ناو خاکی ئسیرائیل و دوای کوشتنی هەزار و 200 کەس، زیاتر لە 240 هاوڵاتی و سەربازیی ئیسرائیلیان بە بارمتە گرت و بردیانن بۆ ناو خاکی غەزە.
لەبارەی رێککەوتنەکەوە، مایکڵ هێرزۆگی باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا بە کەناڵی ئەی بی سی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە رادەگەیەندرێت. لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند تەنها چەند کێشەیەکی بچووک ماون رێککەوتنیان لەسەربکرێت.