فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەردوو مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمدا بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا 79 هێرشیان بۆ تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 13 چەکداری داعش کوژراون و 78 چەکدارى دیکەش دەستگیرکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە ئەو چەکدارانەی داعش، کە دەستگیرکراون بەرپرسی باڵایان تێدایە و بەشیکی دیکەش لە چەکداری ئاسایی و شانەی نوستوو و ئەو کەسانەی تێدایە کە هەوڵیانداوە چەکدارانی ناو گرتوخانەکانی ناوچەکە ئازادبکەن و بۆشایی ریزەکانیان پڕبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئۆپراسیۆنەکان 19یان لە مانگی ئەیلولدا بوون و بەهۆیەوە هەشت چەکداری داعش کوژراون و 19ی دیکەش دەستگیرکراون. هاوکات لە مانگی رابردووشدا، 48 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و 5 چەکداری داعش کوژراون و 59ـی دیکەش دەستگیرکراون. لەکۆی کوژراوەکان 10یان لەنێو خاکی عێراقدا بوون و سیانیشیان لە ناو سوریادا کوژراون.
لەوبارەیەوە، مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، “پابەندین بە تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش لەناوچەکەدا.”