▪️زووم..
هادی عامری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بە نووسراوێک داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی لیژنەی کاروباری باکووری سەردەمی بەعسى کردووە، کە تایبەتە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان.
ناوەڕۆکی نووسراوەکە پشتی بەستووە بە بڕیاری ژمارە (٢٩) ی ساڵی (٢٠١٢) ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور.
بەگوێرەى بڕیارەکە جوتیارانی کوردو تورکمان مافی مامەڵەکردنیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا لەسەردەمی بەعسدا زەوییەکان تەعریب کرابوون و مافی مامەڵەکردن بە زەوییەکان تەنیا بۆ جوتیاری هاوردەی عەرەب زامن کرابوو.
نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەپارێزگای کەرکوک لەسەردەمی بەعسدا لەچوارچێوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوەو لیژنەی کاروباری باکور، لەجوتیارانی کوردو تورکمان داگیرکرابوون و درابوون بە جوتیاری عەرەبی هاوردە، تا ئێستاش موڵکایەتی زەوییەکان یەکلانەبوونەتەوەو نەگەڕێنراونەتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانییان، کە ئەم پرسە بەشێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق.