زووم:
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “گرژ” لێکەوتووەتەوە.
بە گوێرەى ئەوەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، بایدن لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ناتانیاهۆ ڕازیبکات هەنگاوێک بنێت، کە بەرپرسانی ئەمریکی پێیانوایە دەتوانێت یارمەتیدە بێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان لە غەزە، ئەوەش بووەتە هۆى دروستبوونی “گرژ”ی لە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا.
هەر بە گوێرەى رۆژنامەکە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بایدن “فشارەکانى لەسەر ناتانیاهۆ زیادکردووە، بۆ ئەوەى ئاگربەست رابگەیەنێت، ئەوەش لە پێناوى کەمکردنەوەى ژمارەى قوربانییەکان لە کەرتى غەزە و ئازادکردنى بارمتەکان”.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئیدارەی بایدن تائێستا شکستی هێناوە لە ڕازیکردنی ناتانیاهۆ بۆ راگەیاندنى ئاگربەستێکی مرۆیی، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەی زیاتر”.
لەو بارەشەوە کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو سەرکردە “گرژتر” بووە، بەو پێیەى نەتانیاهۆ سوورە لەسەر شەڕو ئاگربەست رەتدەکاتەوە.
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، جیاوازی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئامانجەکانی کەرتی غەزە وا دەکات کۆتایی شەڕەکە قورس بێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی جیاوازیان هەیە لە کورتخایەن و درێژخایەندا .
شەڕى غەزە لە ٧ی ئۆکتۆبەر سەریهەڵدا، کاتێک چەکدارانى فەڵەستین هێرشیان کردە سەر باشوورى ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەسیان کوشت، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوو، هەروەها نزیکەی 240 کەسیان بە بارمتە گرت و گواستیانەوە بۆ کەرتی غەزە.
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیلیش لە کاردانەوەدا لەو بەروارەوە بە بەردەوامی بۆردومان و لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر غەزە ئەنجامدەدات، کە بەهۆیەوە نزیکەی ١٣ هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین، لەنێویاندا ژمارەیەکى زۆر ژن و منداڵ هەیە.
ئێستا بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن، لە ژمارەی قوربانیانی مەدەنى فەلەستینی، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوام لە زیادبووندایە، هاوکات نیگەرانیشن لە دیارنەبوونى چارەنووسى بارمتەکان، کە ژمارەیەکى زۆریان کەسانى بیانین و لەناویشیاندا ئەمریکى هەیە.