لە ئازەربایجان جەژنە، یادی سەرکەوتنی سوپاکەیان دەکەنەوە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەسەر سوپای ئەرمینیا سەرکەوت و قەرەباخی کۆنتڕۆڵ کردەوە، بەم بۆنەیەوە چەندین ئاهەنگ و کۆبوونەوە و رێورەسم رێکخران، جگە لەوە بەرپرسە باڵاکانی تورکیاش پیرۆزباییان لە حکومەتى باکۆ کرد.
بەرپرسانی ئازەربایجان لەلایەک لە ناوخۆی وڵاتدا ئاهەنگ دەگێڕن و لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەرمینیا لەسەر مێزی دیالۆگ بوون،بەمیوانداری ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەیهون بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و ئارارات میرزۆیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لە واشنتۆن کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی ئاشتی لە باشوری قەفقازیاکرا
بلینکن بەر لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ئەمریکا هیواخوازە کۆتایی بە شەڕی 30 ساڵە قەرباخ بهێنرێت
دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989دا ، ئەرمینیا بە چەکی روسی هێرشی کردە سەر سەربازانی ئازەربایجان و نزیکەی 30 ساڵ قەرەباخ و ناوچەکانی دەوروبەری کۆنتڕۆڵکرد، لەو کاتەوە قەرەباخ کە خاکی دێرینی کوردە و کۆماری کوردستانی سور لەوێ دامەزراوە کەوتە دەستی ئەرمینیا
نزیکەی 30 ساڵ تێپەڕی بەڵام ئازەربایجان ئەو شکستەی لەبیر نەکردبوو. سەرەنجام لە 27ی ئەیلولی 2020 هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر قەرەباخ و بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا ئازەربایجان توانی دوای شەڕێکی 44 رۆژە کۆتایی بە دەسەڵاتی سێ دەیەی ئەرمەنەکان بهێنێت لە هەرێمەکە، ئەرمەنەکان تاوەکو ئێستا شکستەکەیان قبوڵ نەکردووە بۆیەش ناوبەناو هێز دەجووڵێنن و هەڕەشە لە ئازەربایجان دەکەن.
پرسی قەرەباخ دوای شەڕەکە، بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و زۆر وڵات دەستوەردان لە ناوچەکەدا دەکەن، بە تایبەت روسیا و ئەمریکا، بەهۆی ئەوەی هێڵێکی گرنگە بۆ تێپەڕبوونی غازی ئازەربایجان و دەریای قەزوین بۆ ئەوروپا، جگە لەوە ئێرانیش لە کۆنتڕۆڵکردنی قەرەباخ لەلایەن ئازەربایجانەوە نیگەرانە بەهۆی ئەوەی قەرەباخ پردێکی زەمینی پتەوی نێوان ئێران و ئەرمینیا بوو، بەرپرسانی ئێران، لە حکومەتی باکۆ توڕەن و ئەم پێشهاتە وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەزانن
روسیا بە شێوەیەکی راستەخۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دەکات، بەو پێیەی نایەوێت رێڕەوێکی دیکەی گەیاندنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا بکرێتەوە پوتین راستەخۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەکان و نێوەندگیری نێوان باکۆ و ئێریڤان دەکات، هەرچەندە ئازەربایجان لە دەستوەردانی روسیا نیگەرانە، بەڵام ترسی ئەوەی هەیە هەر هەنگاوێک بەبێ خواستی روسیا بنێت، ئەگەری هەیە، هاوشێوەی 30 ساڵ لەمەوبەر، لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەرەباخدا هاوکاری ئەرمینیا بکاتەوە