لە پاش جەنگەکەی دژی بزوتنەوەی حەماس و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەزە، ئیسرائیل سێ بژاردەی لە بەردەستدایە بۆ داهاتووی کەرتەکە بەڵام هەموویان ئاستەنگی دیار و قورسیان بە بەردەمدایە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەڕووی تیۆرییەوە، ئیسرائیل زۆر لەوە دوورە کە بزانێت پێویستە چی بکات و چی نەکات دوای ئەوەی بەسەر حەماسدا سەرکەوت، سەرچاوەیەکی ئەمنیی پێشووی ئیسرائیل بە ئەلمۆنیتەری گوتووە، بژاردەی یەکەمی زۆر باشە، دووەمی خراپە و سێیەمیش خراپ نییە، بەڵام ناواقیعییە.
لکاندنی بە میسرەوە
بژاردەی یەکەم، بەپێی راپۆرتەکە، لکاندنی کەرتی غەزەیە بە میسرەوە لە بەرامبەر لێخۆشبوونی تەواوی قەرزە دەرەکییە زەبەلاحەکانی، ئەم بژاردەیە پشتگیرییەکی زۆری لەناو بڕیاربەدەستانی ئیسرائیلی هەیە و کاری بۆ دەکەن، بەڵام میسرییەکان زۆر بە توندی ئەمە رەت دەکەنەوە، پێشتر و لە سەردەمی ئەنوەر ساداتدا، ئیسرائیل هەمان پێشنیازی بۆ میسر کرد، بەڵام رەتیکردەوە، ئێستاش دوای چوار دەیە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بە توندی رەتیدەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیلی و ئەمریکی و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی کەنداویش وازیان لەم بژاردەیە نەهێناوە و کاری لەسەر دەکەن، بەشێک لە پلانەکەش ئەوەیە بەشی باشوری غەزە ئاوەدان بکرێتەوە و بەشێک لە دانیشتوانەکەی تێدا نیشتەجێبکرێت و بەشێکی دیکەشیان بە وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوبکەنەوە.
بەڵام، هەر بەپێی راپۆرتەکە، میسرییەکان زۆر بە توندی ئەمە رەتدەکەنەوە چونکە پێیانوایە زیادبوونی دوو ملیۆن فەلەستینی بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە، ژمارە و هەژموونی ئیخوان موسلمین زیاد دەکات و هاوکاریان دەبێت بۆ ئەنجامدانی شۆڕش دژی حکومەتەکەی.
گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ غەزە
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بژاردەی دووەم بریتییە لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ غەزە، بەڵام کاربەدەستە ئیسرائیلییەکان ئەمەیان زۆر پێ خراپە، چونکە لەگەڵ پلانی ئیسرائیل ناگونجێت بۆ دابڕاندنی تەواوەی غەزە بە رامەڵاوە، زۆرێک لە سەرکردەکانی حزبی لیکودی دەسەڵاتدار دژی ئەم بژاردەیەن چونکە لە یەکگرتوویی و یەکبوونی فەلەستینییەکان لەژێر یەک فەرماندە و دەسەڵاتدا دەترسن و دواتر سەربکێشێت بۆ ناچاربوون بە دانوستانکردن لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین.
هێزی هاوپەیمانان
بەپێی بژاردەی سێیەمیش، رادەستکردنی کەرتی غەزەیە بە هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە وڵاتانی عەرەبی، یان وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ، یان وڵاتانی ئەوروپی، یان نەتەوە یەکگرتووەکان، یاخود هەموویان بە یەکەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئیسرائیلی بە ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەم بژاردەیە زۆر رۆمانسییە بەڵام جێبەجێکردنی زۆر سەخت و ناواقیعییە، چونکە ئەوانەی بەشداری لە ئیدارەدانی غەزەدا دەکەن پێویستە بەرژەوەندییەکیان هەبێت نەک تەنها میوان بن.