زووم:
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە کۆتایی ساڵی 2024 ئەنجامبدرێت، ژمارەی ڕاپرسییەکان بە ئامانجی زانینی بۆچوونی دەنگدەرانی ئەمریکا لە زیادبووندایە، بەتایبەتی سەبارەت بە دیارترین کاندیدەکان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە.
ڕاپرسییەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی ئەمریکی متمانەیان بە دۆناڵد ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانە بەردەوامەی لەسەر سنووری باشوور لەگەڵ مەکسیک هەیە، بەراورد بە بایدن، لە کاتێکدا هێشتا قەیرانی کۆچبەری لەو وڵاتە بەردەوامە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی “فۆكس نیوز”، راپرسییەک، کە لایەن کۆلیژی یاسا لە شاری ماركیت ئەنجامدراوە، پرسیار لە بەشداربووان کراوە، کە کێ باشترین مامەڵە لەگەڵ کۆچبەری و ئاسایشی سنوورەکاندا دەکات؟
لەنێو ئەو کەسانەی، بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، لەسەدا 50یان وتوویانە ترەمپ و لەسەدا 27شیان وتوویانە بایدن، ڕێژەکانی دیکەش لەنێوان ئەو کەسانەدا بووە، کە پێیانوابوو بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو فایلەدا دەکەن و جیاوازییان نییە.
پرسیارێکی تری راپرسییەکە تایبەت بووە، بە پرسی مامەڵەی ئابووری، بەشداربووان پێیانوابووە، ترەمپ باشترەو لەو پرسیارەشدا بە ٢١ خاڵ لەپێش بایدنەوە بووە.
هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە، ترەمپ لە پرسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەسیتنی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیش باشتر مامەڵە دەکات، لەو پرسیارانەشدا بە گشتی یەکی خاڵێک لەپێش بایدنەوە بووە.
ئاماژەکان بۆ ئەوەن جۆ بایدن وەک کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بمێنێتەوە، لەبەرانبەریشدا دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانیش دەبێت بۆ هەمان هەڵبژاردن، کە لە 5ی تشیرنی دووەمی 2024 بەرێوەدەچێت.
هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش راپرسییەکی ئەنجامداوەو دەرکەوتووە، ئەگەری زۆرە کاندیدی کۆمارییەکان، لە کۆی 6 ویلایەتی سەرەکیدا لە پێنج ویلایەتدا لە پێش جۆ بایدن سەرۆکی ئێستاوە بێت، بەو پێیەی بەگشتی لە ئەنریکا جەماوەری بایدن کەمیکردووە.
راپرسییەکە، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەگەڵ ئینستیتیوتی سیێنا ئەنجامداوە دەرکەوتووە، ملیاردێری کۆمارییەکان لە ویلایەتی نیڤادا (لە سەدا 52.41)، جۆرجیا ( لە سەدا 49.43)، ئەریزۆنا (لە سەدا 49.44)، میشیگان (لە سەدا 48.43) و پێنسیلڤانیا (لە سەدا 48.44) لە پێش ڕکابەرە دیموکراتەکەیەوە بووە، لەکاتێکدا جۆ بایدن تەنیا لە ویسکۆنسێن بە رێژەی (لە سەدا 47.45) لە پێش ترامپەوە بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەریەکێک لەو ویلایەتانە سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئێستا راپرسییەکان هەموو ژمارەکانی پێچەوانە کردووەتەوە.