هێزی نەرم بەو توانایانە دەوترێت کە وڵاتێک بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر وڵاتێکی دیکەی جیهان بەکاریدەهێنێت بەبێ ئەوەی پەنا بباتەبەر هێزی سیاسی و سەربازی، ئەمەش لە رێگەی سەرنجڕاکێشان یان قایلکردنی وڵاتێک بۆ چەندین بەها و بەرژەوەندیی باڵاوە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، بۆ نمونە لە جیهانی ئێستادا کەلتور، هونەر و زانست بواری بەرچاوی هێزی نەرمی وڵاتانن.
لە ئێستادا وڵاتانی جیهان لەڕێگەی پەرەپێدانی دیبلۆماسییەتەکانیان لە بواری وەرزش، پەروەردە، دیبلۆماسی گشتی، زانست و بواری دیجیتاڵیدا، هەوڵی راکێشانی سەرنجی وڵاتانی دیکەی جیهان دەدەن بۆ زاڵکردنی هەژمونی خۆیان بەسەریاندا.
بەگوێرەی زانای بواری سیاسەت، جۆزێف نای، کە لەساڵانی 1980کانەوە پێناسەی هێزی نەرمی کردووە، پرۆسەی خستنەکاری هێزی نەرم بە نیشاندانی بیروباوەڕ، بیرۆکە و کلتوری وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا دەستپێدەکات، ئامانجیش لێی دروستکردنی وێنایەکی نیازپاکی و دامەزراندنی پەیوەندیی بەهێزە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.
هێزی نەرم زیاتر لەلایەن رێکخراو دامەزراوە مەدەنییەکانەوە دەخرێتەکار و کەمتر دامەزراوەی حکومی بە ئاشکرا پەنای بۆدەبەن، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتەکانی جیهان پەرە بەو هێزە نادەن، بۆ نمونە کۆمپانیا گەورەکانی وەک سلیکۆن ڤاڵێی و هۆڵیود رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پەرەپێدانی هێزی نەرمی ئەمریکا.
لە سەدەی رابردوودا، هەردوو وڵاتانی زلهێزی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لەڕێگەی هێزی نەرمەوە پەرەیان دا بەو جەنگە ساردەی کە لەنێوانیاندا هەبوو بەبێ ئەوەی پەنا ببەنە بەر توندوتیژی بۆ پەرەپێدانی بواری سیاسەت، ئابوری و بەها کلتورییەکانیان، ئەوان توانییان بەبێ بەکارهێنانی زەبر و زەنگ (هێزی توند) پەرە بە ئایدۆلۆژیا دژیەکەکانیان بدەن.
گرنگی هێزی نەرم لەوەدایە کە وڵاتانی جیهان لەبری ئەوەی کار لەسەر هێز و شەڕ بکەن، بیر لە بیرۆکەی داهێنەرانە دەکەنەوە لەبوارە جیاجیاکاندا و هەرلایەنێک بەشێوەی بنیادنەرا و ئاشتییانە نارەحەتیەکانی مرۆڤایەتی کەمدەکەنەوە.
شارەزایانی هێزی نەرم دەڵێن، بەکارهێنانی هێزی توند رووی لە کەمبوونەوەیە و بەکارهێنانی هێزی سەربازی کەمتر کاریگەرە و رابردووش ئەوەی سەلماندووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی باشترین دیبلۆماتکارەکان، بۆ وڵاتێک کە بیەوێت کاریگەریی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە، دەبێت هەوڵبدات تەکنیکەکانی هێزی نەرم پەرەپێبدات، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێت لێهاتووییەکانی لەبواری گفتوگۆکردن، دامەزراوەیبوون و رێکخراوەییدا پەرەپێبدات.
گرنگترین نمونەکانی هێزی نەرم کە لە ئێستادا وڵاتانی جیهان کاری لەسەر دەکەن ئەمانەن:
- بەکارهێنانی میدیا: ئەمریکا دەمێکە لەڕێگەی تەلەفزیۆن و رادیۆکانیەوە هەوڵی بەناوبانگردنی وڵاتەکەی دەدات و ئەمەش لە پروپاگەندە دژە-نازییەکانی دەنگی ئەمریکادا لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمەوە رەگی داکوتاوە.
- هاوکاریی بیانی: لەدوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەرەوە، ئەمریکا پەرەی زۆریداوە بە “لەشکری ئاشتی” کە خۆی لە دابینکردنی 240 هەزار خۆبەخش بۆ 140 وڵاتی جیهان دەبینێتەوە و کاریان هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنی تواناکانی تاکە لەو وڵاتانەدا.
- دیبلۆماسییەتی گشتی: هێزی نەرم خۆی لە توانای دەستوەردان لە کاروباری نێودەوڵەتی و بیانیدا دەبینێتەوە.
- کلتور: توانای وڵاتێکە بۆ رازیکردنی ئەوانی دیکە بەو کلتورە میراتییەی کە بۆی ماوەتەوە، وەک هونەر، ئەدەب، میوزیک و کلتوری باوی وڵاتەکە.
- ئاین: سعودیە لەرێگەی بەکارهێنانی رۆڵی خۆی لە پاراستنی بنچینەکانی ئیسلامەوە هەوڵیداوە براندی ئیسلامی سوننە فراوانبکات و رێزی تەواوی وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بەدەستهێناوە.
- تەندروستیی: زۆرێک لەو وڵانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان بەرهەمهێنا، پرۆفایلیان لەسەری ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرزتر کردەوە، بۆ نمونە هیندستان لە دیبلۆماسیەتی ڤاکسیندا هەوڵیداوە هەژمونی خۆی بەسەر پاکستان و نیپاڵدا بسەپێنێت و پێگەی خۆی لەناوچەکەدا بەرزبکاتەوە.
لە ئێستادا هەریەک لە وڵاتانی چین، ئەمریکا، هیندستان و یەکێتی ئەوروپا بە زلهێزترینی هێزی نەرم لە جیهاندا دادەنرێن و هەریەکەیان بەجۆرێک لە هێزی نەرم پێگەی خۆیان لە ئاستێکی باڵادا لە جیهان هێشتووەتەوە.