زووم:
ئەمەریکا سزای بەسەر چەند ئەندامێکی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی سەپاند، کە لەلایەن واشنتۆنەوە تۆمەتباردەکرێن بەوەی “لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و بەرپرسیاری هێرشەکانی ئەم دواییەن، بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا”.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەمرۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سزای بەسەر شەش کەسی سەر بە حیزبوڵای عێراق سەپاندووە، کە پێشتر واشنتۆن وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانی کردبوو”.
ئەوانەی سزادراون، بریتین لە عیماد ناجی بەهدلی، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای کەتائیبی حیزبوڵا، کە دەزگای سەرەکی بڕیاردەری گرووپەکەیە، حەبیب حەسەن موغامیس دەراجی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی حیزبوڵا، جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی حیزبوڵا، خالد کازم جاسم ساکینی، فەرماندە لە کەتائیبی حیزبوڵا، باسم محەممەد ماجدی، بەرپرسی پەرەپێدانی بازرگانی حیزبوڵا، هەروها موجتەبا جەهاندۆست، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران، کە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسداران و کەتائیبی حیزبوڵادا دەکات.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەنگاوەکەی ئەمڕۆ پەیامێکە بۆ کەتائیبی حزبوڵا و هەموو ئەو گروپانەی دیکە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
ئەو راشیگەیاند، ئەمریکا هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەنێکی هەلپەرست، کە هەوڵدەدات دۆخی غەزە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان بقۆزنەوە”.
ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، “ئێمە بە تەواوی پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە چالاکی ئەو گروپانە بەردەوام دەبین”.
سزاکان هەر سەروەت و سامانێک دەگرێتەوە، کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە، هەروەها بە گشتی بازرگانیان لەگەڵدا قەدەغە دەکرێت و ئەوانەی بازرگانیان لەگەڵدا دەکەن، رووبەرووی سزای واشنۆتن دەبنەوە.
لە دوای ١٧ی ئۆکتۆبەرەوەو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، بە بیانووی پاڵپشتی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب، گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین چالاکی و هێرشیان بۆ سەر ئەو بنکانە ئەنجامداوە، کە سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا تێیدا جێگرن.
بە گوێرەی ئامارەکان، تائێستا لانیکەم ٥٨ جار هێرشیان کراوەتە سەر بنکەو بارەگا سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا و بەهۆشیەوە چەند سەربازێکی ئەو وڵاتە برینداربوون.
ئێستا بەهۆی ئەو هێرشانەوە ترسی ئەوە هەیە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزەکانی ئەمەریکا بکرێنە ئامانج.