زووم:
چین لە سەدەی حەوتەمەوە و لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی “خێزانی تانگ”ەوە، ئاژەڵی پاندا بۆ ئەو وڵاتانە دەنێرن، کە دەیەوێت دۆستایەتیان بکات، ئەمەش وەک کلتورێکی سیاسی لێهاتووە و هەموو فەرمانڕەواکانی چین پابەندی بوون، ئەوەش بە “دیپلۆماسی پاندا” ناودەبرێت.
وا دیارە سەرۆکی ئێستاى چینیش دەیەوێت هەمان کاربکات و دواى ئەوەى سەردانى ئەمریکاى کرد، رایگەیاند، چین چەند ئاژەڵێکی دیکەی پاندا بۆ ئەمریکا دەنێریت، ئەمەشى بە “نێردراوی دۆستایەتی نێوان ئەمریکا و چین” ناوزەند کرد.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینبینگ سەرۆکی چین، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پیشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەم بەرەو پیشچوونەش دوای ئەوە دێت، کە لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان ساردبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی، هەروەها سەردانی نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بۆ تایوان پەیوەندییەکانیان تەواو ئاڵۆز بوو.
هەردوو سەرۆکى ئەمریکا و چین ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوە، بەمەش گفتوگۆى نێوان هەردوو وڵات دەستپێکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ناکۆکی نێوانیان بە ئاشکرا دەرکەوت بەتایبەت بابەتى کەیسى تایوان.
شی جینگ سەرۆکی چین دوای دیدارەکە لە وتەیەکیدا بەڵێنی دووپاتکردەوە کە وڵاتەکەی “جەنگ دژی هیچ لایەنێک رانەگەیەنێت”.
سەرۆکی چین لە بەردەم ژمارەیەک سەرمایەداری سان فرانسیسکۆ راشیگەیاند، چین بەدوای سەپاندنى هەژمووندا ناگەڕێت، هەروەها لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ناکەوێتە جەنگەوە جا سارد بێت، یان گەرم”.
هەرچی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، شی لەو باوەڕەدایە پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن و پچڕانی تێناکەوێت لەو بارەیەوە وتی: لەو کاتەوەی کراوەتەوە، جارێکی دیکە داناخرێتەوە.
سەرۆکی چین ویستی وڵاتەکەی بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەل ئەمریکا دووپاتیکردەوە، هاوکات جەختیکردەوە، پەکین نایەوێت رووبەڕووی هیچ لایەنێک ببێتەوە، وتیشی: لە پەیوەندیماندا بەهیچ شێوەیەک پەنا بۆ دۆڕاوی جەنگ و رق و داگیرکاری نابەین”.
بە گوێرەى قسەى باڵای ئەمریکا، بایدن لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لەسەرۆکی چین کردووە، رێز لە پرۆسەی هەڵبژاردنی تایوان بگرێت.
لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی چین داوای لە ئەمریکا کردووە، واز لە پڕ چەککردنی تایوان بهێنیت، چونکە گەرانەوەی کەنداوەکە بۆ چین شتێکی “حەتمیە”.
لەلایەکى تر چین رایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتەکەى لەسەر دانوستان و وتوێژ لەسەر زیرەکی دەستکرد رێکەوتوون، هەرچی پەیوەست بە سزاکانی ئەمریکاشە، سەرۆکی چین بە هاوتا ئەمریکییەکەی وتووە، سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیا چینییەکان سەپێندراون، ئەوە زیان لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی چین دەدات.