زووم:
ئەلینا رۆمانۆڤسکى باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، هاتووەتە ناو هێڵی ئەو قەیرانانەى بەهۆى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى لەبارەى هەڵوەشانەوەى ئەندامییەتى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق داویەتى.
لەو چوارچێوەیە، ئەلینا رۆمانۆڤسکى چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری فایق زەیدانیش ئەنجامداوەو کۆبوونەوەکەشى بۆ هەمان مەبەست بووە.
بە گوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى عەرەبى جەدید، ڕۆمانۆڤسکی لە کۆبوونەوەى لەگەڵ زیدان باسی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و دۆخی ئەمنی عێراقی کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە دەبێت دەسەڵاتى دادوەری سەربەخۆ بێت و رێکارە یاساییەکان پەیڕەوبکات بڕیارەکانی لەسەر بنەماى دەستووری عێراق بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆمانۆڤسکی رۆژى پێنجشەممە لەگەڵ محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانى عێراقیش کۆبووەوە، کە لە پۆستێکى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێس، ناوبراوى وەک سەرۆکى پەرلەمان ناساند و نووسى: لەگەڵ محەمەد حەلبوسى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوومەوە، ئەوەش بۆ ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکان و دۆخی ئەمنی وڵات.
هەرچەندە تائێستا زانیارى ورد لەسەر کۆبوونەوەکانى باڵیۆزى ئەمریکا لەعێراق لەگەڵ حەلبوسى و زەیدان نییە، بەڵام رۆژنامەکە لە زارى پەرلەمانتارێکەوە، کە داواى کردووە ناوى نەهێنرێت بڵاویکردووەتەوە، باڵیۆز پێشنیاری چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، ئەلینا جەختیکردووەتەوە، بڕیاری دادگاى فیدڕاڵى “بەپەلە بووەو لەسەر بنەمای دەستوور نەبووە”، هەروەها ئاماژەى بەوەش کردووە، ئێستا باڵیۆزەکەى ئەمریکا ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا دەگێڕێت و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە دەدات، کە بە مەترسیدار زانی بۆ دۆخی عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە مانگى داهاتوو.
دواى ئەو کۆبوونەوانەش، جاسم محەمەد عەبود سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق لەمیانى لێدوانێک جەختیکردەوە، بڕیاکانى دادگاى فیدڕاڵى بڕیارى کۆتاییەو تانەى لێنادرێت و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکانیش لە عێراق پێیەوە پابەندبن.
لای خۆیەوە یاسر ئەسکەندەر پەرلەمانتارى عێراق بۆ رۆژنامەکە جەختی لەوە کردەوە فشارە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری لەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەلحەلبوسی نابێت و وتى: “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەلحەلبوسی بەپێی یاسای دادگای فیدراڵی بووە و گەڕاندنەوەی بۆ پۆستەکەی قورسە، چونکە بڕیارەکانی دادگا باتن و هیچ تانەیەک نایگرێتەوەو هەڵوەشانەوەشى نییە.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە ، بڕیارەکە سیاسی و کەسی نییە، بەڵکو لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە دەرچووەو دەبێت هەموو لایەنەکان پێیەوە پابەند بن.
رۆژى سێ شەممەى رابردوو دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەسەر سکاڵاى پەرلەمانتار لەیس دلێمى بڕیارى هەڵوەشانەوەى ئەندامییەتى محەمەد حەلبوسى لە پەرلەماندا، بەوەش راستەوخۆ لە پۆستى پەرلەمان دەکەوێت، کە ئەو سکاڵاى لەسەرى تۆمارکرابوو، تایبەت بوو بە ساختەکردنى چەند بەڵگەنامەیەک.
لە دواى بڕیارەکەش حەلبوسی لە بەغدای پایتەخت دەستی بەجوڵەى سیاسی و یاسایی فراوان کردووە لە بەرانبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، کە لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی و نوێنەرى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین پلاسخارتیشەوە.