زووم:
لوتکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین لە کالیفۆرنیا بە هێمنی تێپەڕی، دوور لە ئیستفزازی یەکتر و بە لێدوانی گەشبینانە و ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی دانوستانە سەربازییە دوو قۆڵییەکان کۆتایی هات، بەڵام ئەمە لە نێو بۆچوونی شارەزایاندا بەدی ناکرێت.
لوتکەی سەرۆکانی ئەمریکا و چین، ڕۆژی پێنج شەممە لە پەراوێزی کۆڕبەندی هاریکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن بەڕێوەچوو، کە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکە بوو، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە زنجیرەیەک قەیرانی گەورە لە نێوان هەردوو وڵات.
دوای دیدارەکەی لەگەڵ بایدن، شی جین پینگ بەڵێنیدا، وڵاتەکەی شەڕ دژی هیچ لایەنێک دەستپێەکات، ئەو بە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی بازرگانی لە سانفرانسیسکۆ لە کالیفۆرنیاشی وت: چین بەدوای کایەکانی هەژموون دروستکردن ناگەڕێت، نە شەڕی سارد و نە گەرم لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا ناکات”.
وتیشی: “ئێستا دەرگاکە کراوەیە، بە هیچ شێوەیەک داناخرێتەوە، پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا جارێکی دیکە کۆتایی نایەت”، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرەنس-پرێس.
لای خۆیەوە بایدن ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ هاوتا چینیەکەی ڕێککەوتووە، کە “هێڵەکانی پەیوەندیکردن بە کراوەیی بهێڵنەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “من و ئەو ڕێککەوتین هەریەکێک لە ئێمە بتوانێت تەلەفۆنەکانمان هەڵبگرین و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یەکەوە بکەین و دەستبەجێ وەڵامیش بدەینەوە”.
سەرۆکی ئەمریکا لوتکەکەی بە “بنیاتنەر و بەرهەمدار” وەسف کرد، بە تایبەتی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێک کرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سەربازییە دوولایەنە ئاست بەرزەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی فێنتانیڵ، لەگەڵ چین.
بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا، کە ئایا هێشتا سەرکردەی چینی بە “دیکتاتۆر” دەزانیت وەک پێشتر باسی لێکردبوو، بایدن وەڵامی دایەوە: باشە ئەو دیکتاتۆرێکە بەو مانایەی، کە پیاوێکە دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی بەڕێوەدەبات، کە بنکەکەی لەسەر سیستەمێکی ناوەندی دامەزراوەو تەواو جیاوازە لە سیستمی ئێمە”.
شرۆڤەکاری ئەمریکی، ڕیچارد وایتز، بەڕێوەبەری سەنتەری شیکاری سیاسی- سەربازی لە پەیمانگای هادسۆن، هەنگاوی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان سوپای ئەمریکا و چین دەخاتە چوارچێوەی سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە پەکین، کە بە قسەی ئەو لەسەر بنەمای دروستکردنی “بەربەستی پاراستن” دامەزراوە.
ناوبراو بۆ سکای نیوز عەرەبی وتیشی: سیاسەتی “بەربەستی پاراستن (گاردرایل)” بە واتای ڕێگریکردنە لە شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چین و ئەمریکا، ئەمەش یەکێکە لە ئەولەویەتە ئەمنییە باڵاکانی واشنتۆن.
باسی لەوەش کرد، ئەم سیاسەتە لە ژێر کاریگەری هەڵوێستی ئەمریکادا بوو سەبارەت بە “ڕەفتاری ئیستفزازی” فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی چین، کە ئەوە ئاماژەبوو بۆ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی، کە لە نێوان چەکی چینی و ئەمریکی لە ناوچەی دەریای چینی باشووردا رەنگ بوو رووبدات.
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە تائێستا، پەکین و واشنتۆن چەندین میکانیزمییان بۆ ئیدارەدانی ململانێکیانیان داناوە، بەڵام لە کۆتاییدا هیچکام لە میکانیزمەکان نەبوونە ڕێگری تەواوی لە پێکدادان لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام بەم سیاسەتە نوێیە دەیانەوێت لەو هەنگاوە سەرکەوتوو بن، ئەو شرۆڤەکارە وای وت.