سوپای ئیسرائیل دەیەوێت لە ئامانجگرتن و لەناوبردنی تونێلەکانی حەماسدا لە غەزە کەمترین زیانی گیانی هەبێت، بۆیە کۆمەڵێک ئامڕازی تەکنەلۆجی پێشکەتووی تەرخانکردووە بۆ سەرکەوتن بەسەریاندا کە سەدان کیلۆمەتر درێژن، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بلومبێرگ.
لە زەوی و ئاسمانەوە!
لە ئاسمانەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چاودێرییەکان هەوڵی دۆزینەوە و دەستنیشانکردن هەموو پەیکەرێکی شاراوە دەدەن، دواتر فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی زۆر بەهێز دەخەنەخوارەوە بۆ هەڵتەکاندنی چینە رەق و سەختەکان بۆئەوەی گەیشتن بە ژێر زەوی ئاسان بێت.
لەسەر زەویش، بیلدۆزەرە زەبەلاحەکان ئەو ناوچانە پاک دەکەنەوە کە لەسەر تونێلەکانن و دواتر سەگی هێرشبەر و ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر و رۆبۆت بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی تونێلەکان و رووخاندنیان.
سوپای ئیسرائیل چەکێکی نوێ لەم شەڕەدا بەکاردەهێنێت کە بۆمبێکی کیمیاییە و هیچ جۆرە تەقەمەنییەکی تێدا نییە، بەڵکو مادەکەی ناوی گەورە و فراوان دەبێت و دواتر رەق دەبێت، بەوەش دەرچەی تونێلەکان دەگرێت، ئەو چەکەش بۆ “بۆمبی ئیسفەنجی” ناسراوە.
ئەم رێگا و تەکتیکە تەکنەلۆجییانە بۆئەوەیە تاوەکو سەربازەکانی نەخاتە مەترسییە و بچنە نێو تونێلەکانی حەماس، کۆنتڕۆڵکردنی تونێلەکان بەشێکی گرنگی کردە سەربازییەکەی ئیسرائیلە، چونکە حەماس تونێلەکان کە هەر یەکەیان دەیان دەرچەی هەیە و 20 بۆ 80 مەتر قوڵە، بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنەسەر سوپای ئیسرائیل.
هەر بەپێی بلومبێرگ، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل پەیوەندی بە زۆرێک لە کۆمپانیاکانەوە کردوە بۆ دروستکردن و داهێنانی چەکی نوێی و کاریگەر بۆ بەئامانجگرتنی تونێلەکان، بۆ نمونە کۆمپانیای ئەستیرا کە کۆمپانیایەکی بواری دۆزینەوەی ئاوە لە ژێر زەوی لەرێگەی مانگە دەستکردەکانەوە.