بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانینا بەوەی شکستیان هێناوە لە کەمکردنەوەی قوربانیانی مەدەنی لە غەزە و گوتی، “تائێستا سەرکەوتوو نەبووین.”
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، پرسیار لە ناتانیاهۆ کرا بەوەی “ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆسەر حەماس هەزاران فەلەستینی کوشتووە، ئایا ئەوە نەوەیەکی نوێی رقاوی بەرهەمناهێنێت؟!”
ناتانیاهۆ وەڵامی دایەوە و گوتی، “هەر مردنێک لەناو کەسانی مەدەنی کارەساتە، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە مەدەنییەکان لە ئاگری شەڕ دووربخەینەوە، بەڵام حەماس هەموو کارێکی کردووە بیانهێڵێتەوە و ببنە قوربانی.”
گوتیشی، “هەربۆیە ئێمە چەندین نوسراومان بەسەر خەڵکی غەزەدا باراند و لەڕێگەی مۆبایلەوە نامەمان بۆ ناردن کە بڕۆن، خەڵکێکی زۆریش رۆشتن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “شتێکی تر کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە هەوڵدەدەین ئەم ئەرکە بە کەمترین زیانی گیانی مەدەنی تەواو بکەین، بەڵام بەداخەوە، ئێمە سەرکەوتوو نابین”.
ماوەی 42 ڕۆژە سوپای ئیسرائیل شەڕێکی وێرانکەر دژی غەزە ئەنجام دەدات و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی، 11 هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون کە چوار هەزار و 710 کەسیان منداڵ و سێ هەزار و 160 کەسیشیان ژنن، ئەوە جگە لە برینداربوونی 29 هەزار و 800 کەسی دیکە کە 70%ـیان منداڵ و ژنن.