زووم:
کۆمپانیای هواوی تەکنەلۆجی و کۆمپانیای چاینا مۆبایل تۆڕێکی ئینتەرنێتیان دروستکردووە، کە درێژییەکەی ٣ هەزار کیلۆمەترە و پەکینى پایتەخت بە ناوچەکانی باشوورى وڵاتەکەوە دەبەستێتەوە، بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکان، کە خێرایی ئینتەرنێتەکە هاوشێوەى نییە.
ئەو دوو کۆمپانیایە، هاوکارییان لەگەڵ زانکۆی تسينگهوا و کۆمپانیای توێژینەوەی سێرنێت دۆت کۆم کردووە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی ئینتەرنێت، کە یەکەم تۆڕی ئینتەرنێتى لەو جۆرەیە لە جیهاندا بۆ بەدەستهێنانی خێرایی 1.2 تێرابیت لە چرکەیەکدا، کە ئەوە چەند هێندە زیاترە لەخێرایی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهاندا.
تاقیکردنەوەکان بۆ تۆڕە نوێیەکە لە ٣١ی تەمموزی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە و لە چەندین تاقیکردنەوەی جیاوازی جۆربەجۆر سەرکەوتوو بووە.
زانکۆی تسينگهوا ئەم پڕۆژەیە بە یەکەم پڕۆژە لە جۆری خۆی لە جیهاندا پۆلێن دەکات و راشیگەیاندووە، بە تەواوی پشت بە تەکنەلۆژیای ناوخۆیی دەبەستێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی چین، شینوا، ڕوونیکردووەتەوە، تۆڕە تازە دامەزراوەکە، “بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا سەرەتاییەکان کاردەکات، کە لە ناوخۆی چین بەرهەمهێنراون”.