زووم،بی بی سی
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە گەمارۆدانی نەخۆشخانەی شیفا لە غەزە لەلایەن تانکەکانی ئیسرائیلەوە و هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکە، سوپای ئیسرائیل شتێکی ئەوتۆی نییە نیشانی بدات کە بۆچی ئەو هەموو هەوڵانەی داوە بۆ داگیرکردنی نەخۆشخانەکە.
کەناڵی بی بی سی بەریتانی لە راپۆرتێکی شیکاریدا باس لەوەدەکات ئەو هێرشە مشتومڕئامێزەی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەکە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە رەخنەی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، تا ئێستا هیچ دەستکەوتێکی گەورەی چەک و جبەخانەی نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل پێشتر بانگەشەی بۆدەکردن.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە هێزیی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X، ناسراو بە تویتەر، بڵاویکردەوە باس لەوەدەکات چەند پارچە چەکێکی بچوک، لاپتۆپێک و سێ نارنخۆکی لە بەشی تیشکی نەخۆشخانەکەدا دۆزیوەتەوە. ئەوەی بووەتە جێگەی رەخنە، ئەوەیە ئیسرائیل ڤیدیۆکەی سڕییەوە، و ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکردەوە کە 20 چرکە کەمترە لە ڤیدیۆکەی پێشوو. لە ڤیدیۆکەی یەکەمجاردا سوپای ئیسرائیل نوسیبووی، “نە بڕین، نە دەستکاریی تێدا نییە و تەنها راستی حاشاهەڵنەگریی تێدایە.”
بەڵام لە ڤیدیۆ تازەکەدا ئەم بڕگەیە لابراوە و شاشەی لاپتۆپەکە کە ڤیدیۆیەکی سوپای ئیسرائیلی لەسەرە، تەڵخکراوە و نابینرێت، بۆ ئەوەی لاپتۆپەکە نەناسرێتەوە، کە هی سەربازانی ئیسرائیل خۆیان بێت. ئەمەش رەخنە و کاردانەوەی زۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە دەڵێن گرتە ڤیدیۆییەکە وەک سیناریۆیەک دروستکراوە.
لە راپۆرتەکەی بی بی سیدا هاتووە، پێشتر ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدا فەرماندەیەکی سەربازی هەیە، بەڵام ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکانی ئیسرائیلدا دەردەکەوێت لە فەرماندەییەک ناچێت. بەڵکو تەنها چەند ئێلەگێکی دەرع، سیدی، چەکێکی دەستی و چەند چەقۆیەکیان دۆزیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەوە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە ئەگەر حەماس نەخۆشخانەکەشی بەکارهێنابێت زانیویەتی سوپای ئیسرائیل دەچێتە نێو نەخۆشخانەکەوە و چەندین هەفتەی لەبەردەستدابووە بۆ پاککردنەوەی نەخۆشخانەکە لەرێگەی تونێڵەکانییەوە. لەوبارەیەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەوەی کە دۆزیویانەتەوە تەنها مشتێکە لە خەرمانێک.
بەڵام راپۆرتەکەی بی بی سی دەڵێت لەدۆخی ئێستادا کە ئیسرائیل دەبێت شەرعییەت بدات بە هێرشەکەی بۆسەر ئەو نەخۆشخانەیە، چی دەستبکەوێت بە زۆرترین تواناوە نیشانی دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هیچ میدیایەکی جیهانیی رێگەی پێنادرێت بچێتە ناو نەخۆشخانەکەوە و پشتڕاستی ئەو زانیارییانە بکاتەوە کە سوپای ئیسرائیل بڵاوی دەکاتەوە.
لەبارەی ئەو بانگەشانەی ئیسرائیل، باسم نایم، بەرپرسی باڵای حەماس رایگەیاند، بانگەشەی دۆزینەوەی چەک لە نەخۆشخانەکەدا “درۆیە و پروپاگەندەی” سوپای ئیسرائیلن.
ئاماژەی بەوەشکردوو کە بانگەشەکەی ئیسرائیل مایەی “گاڵتەجاڕییە و هیچ بەهایەکیان نییە” و ئیسرائیل بۆیە هێرشدەکاتە سەر نەخۆشخانەکان تا بەزۆر خەڵکی ناوچەکە دەربکات و ئاوارەیان بکات، وتیشی، تا ئێستا 25 نەخۆشخانە لە ناوچەکەدا بەهۆی بۆمباران و گەمارۆوە لەکارکەوتوون و هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش ناکەن.