عەلی خامنەی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کاتێک سەرەتای ئەم مانگە پێشوازی لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی سیاسیی حەماسی کرد لە تاران، پەیامێکی روونی و راشکاوی پێداوە و گوتوویەتی، “ئێوە هیچ ئاگاداریی و زانیارییەکتان بە ئێمە نەداوە کاتێک هێرشەکەی 7ی مانگتان ئەنجام داوە، ئێستاش ئێمە نایەین لەجیاتی ئێوە شەڕ بکەین.”
ڕۆیتەرز لە زاری سێ بەرپرسی باڵا و ئاگاداری ئێرانی و حەماسەوە زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، خامنەیی بە هەنییەی گوتووە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی سیاسی و ئەخلاقی بۆ حەماس، بەڵام راستەوخۆ دەستێوەردان ناکەن.
خامنەیی داواشی لە هەنییە کردووە ئەو دەنگە فەلەستینیانە بێدەنگ بکات کە بە ئاشکرا داوا لە ئێران و حزبوڵا دەکەن داغڵی شەڕی فراوان بن دژی ئیسرائیل، ئەوەش بەپێی بەرپرسێکی ناو حەماس بۆ ئاژانسەکە.
رۆیتەرز دەڵێت پێش بڵاوکردنەوەی زانیارییەکە پەیوەندی بە سەرکردەکانی حەماسەوە و رەتیانکردووەتەوە لێدوان بدەن، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی، لە راگەیەنراوێکدا حەماس راپۆرتەکەی بە درۆخستەوە و بە “بێبنەما” ناوی بردووە، هەرچەندە بە روونی ناڵێت چ شتێکی ناڕاستە.
رۆیتەرز دەشڵێت، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامی داواکاری بۆ لێدوانیان نەداوەتەوە، بەڵام چەندینجار حوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردووەتەوە کە نایانەوێت لە شەڕێکی فراوان لەگەڵ ئیسرائیل تێوەبگلێن.
بەڵام لە جەنگی غەزەدا بۆیەکەمجارە کە سەرجەم گروپە بریکارەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە خۆیان بە بەرەی بەرخۆدان دەناسێنن بە یەکەوە کەوتنە جموجوڵ و چالاکی و چەند بەرەیەکیان دژی ئیسرائیل و ئەمریکا کردەوە، جگە لە هێرشی حزبوڵا بۆسەر ئیسرائیل، لە عێراق و سوریایش زیاتر لە 50 هێرش کرایەسەر بنکەکانی ئەمریکا.
سێ بەرپرسی نزیک لە حزبوڵا بە رۆیتەرزیان گوتووە کە گروپەکەش شۆک بووە لە هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، تەنانەت چەکدارەکانیشی لە گوندە سنورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە ئامادەباشیدا نەبوون.
فەرماندەیەکی حزبوڵا بە رۆیتەرزی گوتووە، “ئێمە بە شەڕەوە بەخەبەر هاتین.”
موهەنەد عەلی، شارەزا لە حزبوڵا کە لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی ناوەندی کارنێگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت کاردەکات بە ئاژانسەکەی گوتووە، هێرشەکەی حەماس هاوپەیمانەکانی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی سەخت کردەوە کە ئاخ روبەڕووی نەیارێکەیان ببنەوە کە هێزێکی باڵا و بەهێزی لە ناوچەکە هەیە یاخود نا.
ئەو دەشڵێت، “کاتێک بە هێرشێکی لەو شێوەیە ورچەکە لە خەو هەڵدەستیت، زۆر قورسە هاوپەیمانەکانت لە هەمان شوێنی تۆ بوەستن و بەرگری بکەن”.
هەڵوێست و لێدوانەکانی حەماس ئاماژە بە جۆرێک لە نائومێدی لە بەرەی بەرخۆدان دەکەن، ئەوەتا خالید مشعەل کە سەرکردەیەکی باڵای حەماسە سوپاسی حزبوڵای کرد لە چالاکییەکانی دژی ئیسرائیل، بەڵام گوتی کە دۆخەکە زۆر لەوە زیاتر دەخوازێت.