سەرنجی سەرەکی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەسەر دیاریکردنی ئەو چەند رۆژەیە کە ئیسرائیل رێگە بە ئاگربەست دەدات لە بەرامبەر ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکانی لای حەماس، نەک راوەستانی تەواوەتی شەڕەکە، ئەوەش بەپێی سێ سەرچاوەی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بە نێوەندگیری و هەوڵی قەتەرییەکان ئەنجام دەدرێت و بەهێزترین هەوڵی دیبلۆماسییە کە دەکرێت ببێتەهۆی وەستانی کاتیی ئەو جەنگەی لە 7ی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
ئیسرائیل کە لەئێستادا چووەتە ناو غەزە و لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندایە لەگەڵ چەکدارانی حەماس جەختیکردووەتەوە کە تەنها کاتێک بە ئاگربەستی کاتی رازی دەبێت کە حەماس ژمارەیەکی باش لە بارمتەکان ئازادبکات.
لەدوای دەستپێکردنی دانوستانەکانیش کە لە دوو هەفتەی رابردوودا و لە سەرەتای هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر غەزە دەستیپێکردووە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان دوو پێشنیازی حەماسیان بە ئیسرائیلییەکان گەیاندووە.
پێشنیازی یەکەم ئەوەیە حەماس 18 بارمتە کە زۆربەیان ژن و مندڵن ئازاد دەکات لە بەرامبەر راگەیاندنی سێ رۆژ ئاگربەستدا، بەڵام ئەنجومەنی شەری ئیسرائیلی ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی کە تەنها 24 کاتژمێر شەڕ دەوەستێنێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو ژمارە بارمتەیە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ ئەکسیۆس.
پێشنیازی دووەم کە لە ماوەی چەند رابردوودا گفتوگۆی لەسەرکراوە ئەوەیە حەماس ژمارەیەکی زۆرتر بارمتە ئازاد بکات بەڵام داوای پێنج رۆژ ئاگربەستی کردووە، بەڵام ئیسرایل تەنها بە سێ رۆژ رازی بووە.
بەپێی پلانەکە، لە رۆژی یەکەمدا حەماس نزیکەی 50 بارمتە کە ژن و منداڵن ئازاد دەکات و دەستبەجێ شەڕ دەوەستێت، دوای ئەوەش، رۆژانە 10 بارمتەی دیکە ئازاد دەکات وەک بەردەوامی و وەبیرهێنانەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی پێنج، خۆ ئەگەر کەسی ئازادنەکرد، ئەوە ئاگربەستەکە بەسەردەچێت.
هەر بەپێی پێشنیازەکە، دەبێت لە بەرامبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک ژن و منداڵ و بە تەمەنی فەلەستینی لە زیندانەکانیدا ئازاد بکات، هەروەها رێگە بە چوونەناوەوەی زیاتری سوتەمەنی بدات بۆ غەزە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، تەها بۆ بەکارهێنانی لەلایەن نەخۆشخانە و نانەواکانەوە، بۆئەوەش، پێویستە میسرییەکانیش هاوکار بن.
بەڵام دانوستانەکان چەند ئاستەنگێکی لە بەردەمدایە، یەکەم بریتییە لە قورسی پەیوەندیکردن بە سەرکردەکانی حەماسەوە، دووەمیش ئەوەیە کە حەماس ئەوەندە بارمتەی مەدەنی لای نییە کە بەشی ئەو رێککەوتنە بکات، بۆیە پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی دیکەی وەک جیهادی ئیسلامی.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی ئەکسیۆس، جارێ دیار نییە کە ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێت و دەگەنە رێککەوتن یاخود نا، چونکە حەماس تەواو توڕە بووە لە هێرشکردنەسەر نەخۆشخانەی شیفا لەلایەن ئیسرائیلەوە و دانوستانەکانی قورس و ئاڵۆز کردووە.