زووم:
ئیلیزابێس تەسورکۆڤ توێژەری ئیسرائیلی و بە رەگەز ڕوسی دەرکەوتەوە، کە لە عێراق چەند مانگێکە ڕفێندراوە و ئیسرائیل کەتیبەکانی حزبوڵا بە رفاندنی تۆمەتباردەکات، ئێستا میدیای گروپە چەکدارییەکانی عێراق، گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەی ” نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی، کە بڵاوکراوەتەوە، نەتوانراوە کاتەکەی بەدروستی بزانرێت، بەڵام ئاماژەی ئەوەی تێدایە، کە ئیلیزابێس لە ” ژیاندا ماوە”.
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، گرتە ڤیدیۆییەکە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، کە سەرهەڵدانی شەڕو پێکدادانی گروپە چەکدارییەکانی غەزەو سوپای ئیسرائیل بوو تۆمار کراوە، چونکە ئەو توێژەرە باس لە بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای گروپە چەکدارییەکانی غەزە دەکات، کە حکومەتی تەلئەبیب دەڵێت: ژمارەیان 240 بارمتەیە.
ئەو توێژەرە ئیسرائیلیە لە مانگی مارسی رابردووەوە لە بەغدادی پایتەخت ڕفێندراوە، ڕفاندنەکەشی دوای ئەوە ئاشکراکرا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، کەتیبەکانی حزبوڵای بە ڕفاندنی تۆمەتبارکرد، تا ئەو کاتەش هیچ گروپێک بەرپرسیاری لە رفاندنەکەی ڕانەگەیاندبوو.
دواتر حکومەتی عێراق دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند، ئەو پرسە ئاڵۆزە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، حکومەتی عیراقیش لێکۆڵینەوەکەی دەستپێکردووە و دەگاتە ئەنجام، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.
تەسورکۆڤ بە پاسپۆرتی روسی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ هاتووەتە عیراق، ئەوەش بۆ ئەنجامدانی چەند لێکۆڵینەوەیەکە، کە لە لێکۆلینەوەکانیدا گرنگی بە گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران داوە، ئەمە جگە لەوەی رەوتی سەدر بەرێبەرایەتی موقتەدا سەدر بەشێکی دیکەی توێژینەوەکانی بووە.
ئەو توێژەرە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، کە بە زمانی عیبری ” ئیسرائیلی” قسەی کردووە و بە ژێرنوسی عەرەبی وەرگێڕانی بۆ کراوە، وتەکانی زیاتر روو لە کەسوکاری بارمتەکان دەکات و پێیاندەڵێت، ئەگەر دەیانەوێت جارێکی دیکە روخساریان ببینەوە، ئەوا لەسەریان پێویستە جەنگ رابگرن.
دەشڵێت: داوا لە خێزانی بەبارمتەکانی غەزە دەکەم، هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ ڕاگرتنی جەنگ بخەنە گەڕ، ئەمەش تەنیا لە پێناو کوڕ و کچەکانتان، ئەم جەنگە ناتانیاهۆ بە گەمژانە لە ڕێگای و سارای هاوسەری یائیری کوڕی بەڕێوەی دەبات و دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتەکان، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت جارێکی دیکە روخساریان بە زیندوویی ببینەوە، ئەوا پێویستە جەنگ رابگیرێت.
نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوەش دەدات، لە پاڵ پەیامە سیاسییەکە، کە ڕفێنەران دەیانەوێت نیشانی بدەن، هەروەها باسکردنی شەری غەزەش بۆ ئەوەیە، کە بە حکومەتی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئیلیزابێس تەسورکۆڤ بڵێن، کە ئەو هێشتا زیندووە.
لە کۆتایی ڤیدیۆکە، ئەو توێژەرە داوا لە کەسوکاری دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئازاد بکرێت.