ئەمریکا چوار مانگی دیکە لێخۆشبوونی بۆ عێراق درێژکردەوە تاوەکو بتوانێت کارەبا لە ئێرانەوە هاوردەبکات و هەروەها مۆڵەتێکی سنورداریش دایە ئێران تاوەکو بتوانێت بە پارەکەی، شتومەکی مرۆیی بکڕێت.
دوێنێ سێشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لێخۆشبوونێکی دیکەی 120 رۆژەی بۆ عێراق دەرکردە و رەوانەی کۆنگرێسی کرد. ئەو هەنگاوەش، بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس، رەنگە رووبەڕووی رەخنەی توندی ئەو سەرکردانەی ئەمریکا ببێتەوە کە دژی ئێرانن و پێیانوایە پێویستە فشاری زیاتری بخرێتەسەری تاوەکو واز لە پاڵپشتی و هاندانی هێزە بریکارەکانی بهێنێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم لێخۆشبوونە رێگە بە عێراق دەدات بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی کارەبای ئێران بەبێ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بیانگرێتەوە کە خراوەتەسەر شتومەک و بەرهەمی ئێرانی.
بەپێی لێخۆشبوونەکە، پێویستە ئەو پارەیەی عێراق دەیداتە ئێران لەبەرامبەر هاوردەکردنی کارەبادا بنێردرێت بۆ بانکێک لە عومان، پاشان بگۆڕدرێتەوە بە دراوێکی دیکەی جیهانی جگە لە دۆلار و دواتر ئێران بەکاریبهێنێت بۆ کڕینی ئەو کاڵایانەی کە سزایان لەسەر نییە.
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە مەرجی ناونەهێنان بە ئاسۆشییەتد پرێسیان گوتووە، بلینکن ئەو لێخۆشبوونەی ئیمزاکردووە چونکە ئیدارەکەی نایانەوێت عێراق بێ کارەبا بمێنێتەوە.
ئەوان جەختیانکردووەتەوە کە ئیدارەی بایدن دڵنیایە کە ئێران ئەو پارەیە بۆ کار و مەبەستی تاوانکاری بەکارناهێنێت، بەڵکو تەنها بۆ کڕینی دەرمان و خواردن و کەلوپەلی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت.
لە گەشتە فرەوێستگەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەى جەنگی غەزە، 5ی ئەم مانگە بلینک گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە.