بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل چووە ناو نەخۆشخانەی غەزە و بیانوشی بۆ ئەو کارە بوونی چەکدارانی حەماسە لەناو نەخۆشخانەکەدا. ئەمەش لەکاتێکدایە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ماوەی چەند رۆژێکە گەمارۆی نەخۆشخانەکەیداوە و دۆخی نەخۆشخانەکە لەوپەڕی خراپیدایە.
ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی گەمارۆی سوپاوە، چاوی میدیا جیهانییەکان لەسەر نەخۆشخانەی شیفایە لە شاری غەزە، نەخۆشخانەیەک هەم رۆژانە سەدان نەخۆشی لێ چارەسەردەکراو هەمیش وەک پەناگەیەک وابوو بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ماڵەکانیان خاپور بووبوو.
کۆتایی هەفتەی رابردووەوە بەهۆی نەمانی سوتەمەنی و کەمی ستاف و پێداویستی پزیشکییەوە لەکارکردن وەستاوە و لەوکاتەوە زیاتە لە 170 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی گەمارۆی سەر نەخۆشخانەکە سەجەمیان لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراون.
لە ئێستادا کە شەڕی غەزە پێیناوەتە هەفتەی شەشەم، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس هاوڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، لەبەرامبەردا فەلەستینییەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رەخنەگرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئیسرائیل بێباکانە زیان بە هاوڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی لە چەند ناوچەیەکی ناو کامپی نەخۆشخانەکە ئەنجامداوە و هەوڵیداوە هاوڵاتییانی مەدەنی لە هێرشەکانی بپارێزێت، هاوکات هیچ رونکردنەوەیەکی دیکەی لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
لەبەرامبەردا ئەشرەف قودرە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاند، نەخۆشخانەکە جگە لە نەخۆش، پزیشک و خەڵکی ئاوارە، هیچ کەسێکی دیکەی لێنییە. ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ شتێکمان نییە بیشارینەوە و لێی بترسین. پێشتریش رایگەیاندبوو کە دەیان سەربازی ئیسرائیلی هەڵیانکوتاوەتە سەر بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە و لەهەمانکاتتدا چەندین تانک لە دەرەوەی نەخۆشخانەکەدا جێگیرکراون.
هێرشی ئیسرائیل بۆ نێو نەخۆشخانەی شیفا لەکاتێکدایە کە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەیەکێک لە شەش تاوانەکانی جەنگ هەژماردەکرێن. بەگوێرەى یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، نەخۆشخانەکان پارێزبەندییان هەیە و ئەم پارێزبەندییەش نەخۆش، دکتۆر و ئامبوڵانسەکانیش دەگرێتەوە.
هاوکات بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر نەخۆشخانە یان ناوەندە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن لایەنێکی شەڕەکەوە بەکارهێندرا، ئەوا پارێزبەندیی لەدەستدەدەن، بەڵام دەبێت لایەنی دووەمی شەڕەکە بەڵگەی پێوسیتی هەبێت و دوای پشتڕاستکردنەوە داوا لە لایەنی یەکەم بکات چیتر ئەو ناوەندانە بەکارنەهێنێت. ئەگەر لایەنی یەکەم سور بوو لەسەر ئەوە، دەبێت لەسەرەتادا هاوڵاتییانی مەدەنی رابگوێزرێن سەلامەتییان گرەنتی بکرێت.